Accessibility links

لە نزیک خاڵێکی پشکنینی حکومەتی سوریا لە باشوری قامیشلۆ تەقە لە هێزێکی هاوپەیمانان دەکرێت


گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا دەڵێت هێزێکی هاوبەشی هاوپەیمانان و سوریای دیموکرات لە نزیک خاڵێکی پشکنینی سەر بە حکومەتی سوریا لە باشوری قامیشلۆ تەقەیان لێکراوە.

کۆلۆنێڵ مایلس کاگنس ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" لە دەوری کاتژمێر 9:20 ی بەیانی بە کاتی سوریا، هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایی لە دژی داعش لە نزیک گوندی تەل زەهەب لە سوریا، ڕووبەڕووی خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی سەر بە ڕژێمی سوریا بوونەوە."

دەڵێت پاش ئەوەی هێزەکەی هاوپەیمانان و سوریای دیموکرات ڕێڕەوێکی پارێزراویان لەلایەن هێزەکانی سەر بە ڕژێمەوە بۆ کرایەوە، لەلایەن کەسانێک لە نزیک خاڵی پشـکنینەکە بە چەکی سووک تەقەیان لێکرا و هێزەکەی هاوپەیمانانیش بۆ بەرگریکردن لەخۆی وەڵامی تەقەکانی داوەتەوە.

کۆلۆنێڵ مایلس کاگنس گوتیشی هاوپەیمانان هیچ هێرشێکی ئاسمانیـیان ئەنجام نەداوە و هیچ زیانێک بە هێزەکانی هاوپەیمانان نەکەوتووە و بە سەلامەتی گەڕانەتەوە بنکەکەیان.

ئاژانسی سانای حکومەتی سوریا دەڵێت لە خاڵە پشکنینەکە ڕێگری لە هێزەکەی ئەمەریکا کراوە و پاش 30 خولەک 2 فڕۆکەی ئەمەریکا تەقەیان لە خاڵەکە کردووە و بەهۆیەوە سەربازێک کوژراوە و 2 ی دیکە برینداربوون.

XS
SM
MD
LG