Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هاوسۆزی خۆی بۆ قوربانیانی بۆردومانەکەی کۆبانی دەردەبڕێت


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هاوسۆزی قوڵی خۆی دەربڕی بۆ کەسوکاری ئەو سڤیلانەی ڕۆژی سێشەممە لە هێرشەکەی تەل حەلەف و بۆردومانەکەی کۆبانی گیانیان لەدەست دا.

مۆرگن ئۆرتێگەس شەوی سێشەممە لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە ڕاگەیاندنەکەی بڵاوکردەوە، تیایدا نووسیویەتی:

"هاوسۆزی قوڵی خۆمان دەردەبڕین بۆ کەسوکاری ئەو سڤیلە بێ تاوانانەی کوژران و ئەوانەشی برینداربوون لە هێرشە تێرۆرستیـیەکەی تەل حەلەف و بۆردومانە ئاسمانیـیەکەی سەر کۆبانی.

دەبێت هەموو لایەنەکان بە وردی سەنگی بخەنە سەر چارەسەرێکی سیاسی بەردەوام بۆ شەڕ لە سوریا، وەک چۆن لە بڕیاری 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2015 داواکراوە. بەردەوامبوونی توندوتیژیـیەکان دەبنە کۆسپ لەبەردەم هیواکان بۆ گەیشتن بە هەر چارەسەرێک. پشتیوانی بەهێزی خۆمان بۆ گوتێرش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و پـێدرسن، نێردراوی تایبەت دووپات‌دەکەینەوە لە داواکەیان بۆ ئاگربەستی دەستبەجێی لەسەر ئاستی تەواوی وڵاتەکە و هەروەها هەوڵەکانی پـێدرسن، نێردراوی تایبەت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بەپـێی بڕیاری 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایش."

جێی ئاماژەیە پـێشتر کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند شەوی سێشەممە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا ماڵێکی لە گوندی حەلەنجی کۆبانی کردە ئامانج و لە ئاکامدا 5 کەس گیانیان لەدەست دا کە 3 کەسیان ژن بوون.

کۆمەڵەکە دەشڵێت هێرشەکە لەو کاتەدا ئەنجام دراوە کە ژمارەیەک لە ژنانی ڕێکخراوی کۆنگرەی ستاری ژنانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری لە ماڵەکەدا کۆدەبوونەوە.

هەر دوێنێش لە ناوچەی تەل حەلەفی ڕۆژئاوای سەری کانی، ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو تەقیـیەوە و لە ئاکامدا 5 کەس گیانیان لەدەست دا و 12 کەسی دیکە برینداربوون.

XS
SM
MD
LG