Accessibility links

دەستـپێـکردنی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ڕژێمی سوریا


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە سزاکانی خۆی بەسەر ڕژێمی سوریا دەستپـێدەکات، ئەمەش بەپـێی یاسای قەیسەر بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیل.

وەزارەتی دەرەوە ئەمڕۆ ڕایگەیاند سزاکان 39 کەس و دەزگا دەگرێتەوە، لەوانە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا و ئەسمای هاوسەری. هەروەها دەزگای ڕووسی و ئێرانیش دەگرێتەوە و ئەوانەشی لە بواری نەوت و گازی سوریادا کاردەکەن.

مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر تویتەرەکەی لەم بارەیەوە نووسی ئەمڕۆ ئەمەریکا هەڵمەتێکی بەردەوامی سزا بەسەر ڕژێمی ئەسەد دەستپـێدەکات بەپـێی یاسای قەیسەر، ئەوەی ڕێگە دەدات سزای ئابوری توند بسەپـێنێت بۆ سزادانی ڕژێمی ئەسەد و ئەو بیانیانەی یارمەتی دەدەن لە کارە دڕندەکانی لە دژی خەڵکی سوریا.

گوتیشی سزای زیاتر دەسەپـێنن هەتا ئەو کاتەی ئەسەد و ڕژێمەکەی کۆتایی بە شەڕە دڕندانەکەیان دەهێنن و بە چارەسەری سیاسی ڕازی دەبن وەک چۆن لە بڕیاری ژمارە 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە.

XS
SM
MD
LG