Accessibility links

پەنتاگۆن: نەوتی سوریا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت نەک بۆ ئەمەریکا


یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت داهاتی نەوتی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت نەک بۆ ئەمەریکا.

جۆنەثان هۆفمان ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە وەزارەتی بەرگری گوتیشی هێزەکانی ئەمەریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوریا دیموکرات کاردەکەن بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتیـیەکان لە داعش.

هەروەها گوتی هێزەکانی ئەمەریکا مافی ئەوەیان هەیە ڕووبەڕووی هەر هێزێک ببنەوە هەڕەشە بۆ سەر ئەو کێڵگە نەوتیـیانە دروستبکات.

سەبارەت بە ئاگربەستەکەی نێوان تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات، جۆنەثان هۆفمان گوتی بە شێوەیەکی گشتی جێگیرە، هەرچەندە هەندێک شەڕ و پـێکدادانی بچوک ڕوویانداوە.

لەلایەکی دیکە جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەسەر تویتەرەکەی نووسی " هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، ئەمەریکا، ڕووسیا دەبێت پابەندی بەڵێنەکانیان بن لە بارەی ڕێگەگرتن لە گۆڕینی دیموگرافی لە سەری کانێ و گرێ سپی.

هەردوو بەڕێزان پـێنس و پەمپـێیۆ جەختیان کردەوە ئاوارەکان بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەبێ ئەوەی دووچاری مەترسی بن لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە.

چاوەڕێن هەموو لایەنەکانی ئاماژەیان پـێکرا پابەندی بەڵێنەکانیان بن."

لە نووسینێکی دیکەیدا دەڵێت تورکیا بە ناوی یاسای نێودەوڵەتی هەوڵی جێبەجێکردنی سیاسەتی جینۆساید و پاکتاوی نەژادی لە باکوری سوریا دەدات.

ڕەخنەی توندی لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گرت، دەڵێت لێدوانەکەی گوتێرش لە بارەی پـێکهێنانی کۆمیتەیەک بەمەبەستی تاووتوێکردنی پـێشنیاری تورکیا بۆ دروستکردنی شوێنی نیشتەجێ بۆ ئاوارە سوریـیەکانی ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە هەڵوێستێکی مەترسیداری نەتەوە یەکگرتووەکانە.

XS
SM
MD
LG