Accessibility links

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا: بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوریاوە هێڵی سوورە


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن ڕژێمی سوریاوە هێڵی سوورە بۆ ئەمەریکا.

کاربەدەستێکی وەزارەتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئەلحوڕە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە چاودێری جموجۆڵەکانی ڕژێمی سوریا دەکەن.

پـێشتر شان ڕۆبەرتسن، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری هۆشداری بە حکومەتی سوریا دا و گوتی "دەبێت ڕژێمی ئەسەد بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دووبارە نەکاتەوە... چونکە هیچ گومانێکی تێدا نیـیە بە خێرایی و بە توندی کاردانەوەمان دەبێت ئەگەر ئەم جۆرە چەکانە بەکاربهێنێتەوە."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ڕایگەیاند نیشانە هەن ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ڕەنگە هێزەکانی حکومەتی سوریا ڕۆژی یەکشەممە بە چەکی کیمیایی( گازی کلۆر) هێرشی کردبێتە سەر ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا.

خانم مۆرگن ئۆرتێگەس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتی" هێشتا زانیاری کۆدەکەینەوە لە بارەی ڕووداوەکە، بەڵام دووبارەی دەکەینەوە ئەگەربێت و ڕژێمی ئەسەد چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت ئەوا دەستبەجێ ئەمەریکا و هاوپەیمانانمان وەڵامی گونجاویان دەبێت."

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە حکومەتی سوریا هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی لەم بارەیەوە نەبووە.

XS
SM
MD
LG