Accessibility links

سەدان ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا داوا لە سەرۆک ترامپ دەکەن وڵاتەکەیان بەردەوامبێت لە ڕۆڵی خۆی لە سوریا


سەدان ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا داوایان لە سەرۆک ترامپ کردووە وڵاتەکەیان بەردەوامبێت لە ڕۆڵی خۆی لە ناو سوریا، ئەمەش بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا و دۆست و هاوپەیمانە نزیکەکانی، لەوانە ئیسرائیل.

لە کۆی 535 ئەندامی هەردوو ئەنجومەنی سینات و نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمەریکا، 382 ئەندامیان نامەیەکیان بۆ ئەم مەبەستە ئاڕاستەی سەرۆک ترامپ کرد.

لە نامەکەدا دەڵێن" لە کاتێکدا نائارامی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، زۆر نیگەرانین لەوەی هێشتا گروپە تێرۆرست و توندڕەوەکان و نەیارانی ئەمەریکا ڕۆڵی خۆیان دەبینن لە ناوچەکە، بە تایبەتی لە سوریا، ئەمەش لە کاتێکدا هەندێک لە نزیکترین هاوپەیمانانمان لە ناوچەکە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە، بۆیە ڕێبەرایەتی و پشـتیوانی ئەمەریکا هەمیشە گرنگن. بۆ بەدیهێنانی ئەمەش ڕادەسپێرین چەند هەنگاوێک بگیرێنەبەر بۆ بەهێزکردنی خاڵە ئاسایشیـیە سەرەکیـیەکانمان لە ناوچەکە، لەوانە یارمەتیدانی ئیسرائیلی هاوپەیمانمان لە بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی لە سنوورەکانی باکوری وڵاتەکەیەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە."

پاشان هۆشداری دەدەن لەوەی گروپە تێرۆرستیـیەکانی وەکو داعش و قاعیدە هێشتا لە ناو سوریا توانایان هەیە پـرۆپاگەندە بۆخۆیان بکەن و خەڵک بۆخۆیان ڕابکێشن. دەڵێن هەرچەندە لە ئێستادا ئامانجی سەرەکیـیان شەڕی ناو سوریایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە توانایاندایە پـلان دابنێن و هێرش ئەنجام بدەن لە دژی ڕۆژئاوایـیەکان و هاوپەیمانان و دۆستانی ئەمەریکا و تەنانەت ئەمەریکاش. بۆیە لە بەرژەوەندی ئەمەریکایە ڕێگە نەدرێت ئەم ڕێکخراوە تێرۆرستیانە پـێی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توندبکەن.

لە بەشێکی نامەکە باسی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان دەکەن، دەڵێن بوونەتە مایەی ناسەقامگیری ناوچەکە، بە تایبەتی لە سوریا کە کاردەکەن بۆ مانەوەی لەشکریـیان لەو وڵاتە، ئەمەش ڕەنگە جێی هەڕەشە بێت بۆ هاوپەیمانانی ئەمەریکا. ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ساڵی ڕابردوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێران ئاسمانی ئیسرائیلی بەزاندووە و پاسدارانی ئێرانی لە سوریاوە دەیان موشەکیان بە ئاڕاستەی ئیسرائیل هەڵداوە.

دەڵێن حزبوڵڵاش بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ ئیسرائیل و لە ئێستادا زیاتر لە 100 هەزار ڕۆکێت و موشەکی بە ئاڕاستەی ئیسرائیل هەیە کە وردتر ئامانجەکانیان دەپـێکن و مەودایان درێژترە و لە توانایاندا لە هەر شوێنێکی ئیسرائیل بدەن.

هەروەها باس لە ڕووسیاش دەکەن، دەڵێن وەک ئێران کاردەکات بۆ ئەوەی بوونێکی هەمیشەیی لە سوریادا هەبێت لە دەرەوەی بنکەی هێزی دەریایی لە بەندەری تەرتوس. جگە لەوەش بووەتە کۆسپ لە بەردەم ئیسرائیل لە مەسەلەی بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر ئەو کارە دوژمنکاریـیانەی لە سوریاوە لە دژی دەکرێن.

جێی ئاماژەیە دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو گوتی شەڕی داعش لە سوریا بە کۆتایی گەیشت و هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە دەکشێنێتەوە، زۆرێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات نیگەرانی خۆیان دەربڕی. بەڵام دواتر لە مانگی دوو سەرۆک ترامپ ڕازی بوو هێزێکی بچوکی ئەمەریکا لەوێ بمێنێتەوە.

XS
SM
MD
LG