Accessibility links

خۆکوژێک ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لە باشوری حەسەکە دەتەقێنێتەوە و بە لایەنی کەم سەربازێکی ئەمەریکایی برینداردەبێت


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت خۆکوژێک ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوی تەقاندووەتەوە بە هێزێکی لەشکری ئەمەریکا لە باشوری حەسەکە و لە ئەکامدا 2 سەربازی ئەمەریکایی برینداربوون و 5 شەڕڤانیش کە یاوەریـیان دەکردن گیانیان لەدەستداوە.

کۆمەڵەکە ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی تەقینەوەکە ئەم بەیانیـیە لە ناوچەیەکی گوندنشینی باشوری پارێزگای حەسەکە بووە لەسەر جادەی حەسەکە بەرەو ڕەققە.

بەڵام هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕەتیدەکاتەوە سەربازی ئەمەریکایی لە تەقینەوەکەدا برینداربووبێت و لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کاروانێکی هاوبەشی هێزی ئەمەریکایی و هاوبەشە سوریـیەکان کەوتبوونە بەر هێرشەکەی ئەمڕۆ لە سوریا. هیچ ئەمەریکایـیەک زیانی پـێنەگەیشتووە."

لە لایەکی دیکە ئاژانسی دەنگ‌وباسی هاوارنیوز دەڵێت خۆکوژەکە ئۆتۆمبیلەکەی بە خاڵێکی پـشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی تەقاندووەتەوە لە دەروازەی شارۆچکەی شەدادی لە نزیک پـردی 47.

دەڵێت هێزەکەی ئاسایش لە خاڵەکە گومانیان لە خۆکوژەکە کردبوو و هەوڵیاندابوو ئۆتۆمبیلەکەی ڕابگرن، بەڵام نەوەستابوو و ئەوانیش ڕووبەڕووی بوونەتەوە و ئۆتۆمبیلێکی زرێپـۆشی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی پـێشی لێگرتووە و شۆفێرەکەی خۆی هەڵداوە و پاشان تەقینەوەکە بووە.

هاوارنیوزڤیدیۆیەکی شوێنی تەقینەوەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت 2 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش و سەربازێکی ئەمەریکا بە سووکی برینداربوون.

داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاندووە و دەڵێت خۆکوژێکی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوی تەقاندووەتەوە بە کاروانێکی هاوبەشی لەشکری ئەمەریکا و پەکەکە لە نزیک خاڵێکی پشکنین لە باشوری شاری شەدادی. جێی ئاماژەیە داعش هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە پەکەکە ناودێردەکات.

XS
SM
MD
LG