Accessibility links

ئەمەریکا یەکەم کاروانی هێزەکانی لە سوریا دەکشێنێتەوە


گوتەبێژێک بە ناوی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژی داعش ڕایگەیاند پـرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا دەسـتیپـێکرد.

کۆلۆنێل شۆن ڕایان ئەمڕۆ هەینی گوتی پـرۆسەی کشانەوەی هێزەکان لە سوریا دەستیپـێکردووە و بۆ سەلامەتی بەڕێوەچوونی پـرۆسەکە، کات و شوێنی کشانەوەی هێزەکان ڕاناگەیەنن.

لە لایەکی دیکە کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت شەوی پـێنجشەممە یەکەم کاروانی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا کشانەوە کە نزیکەی 150 سەرباز و 10 ماشێنی زرێـپـۆش دەبوون لە بنکەیەکی لەشکری لە ناوچەی ڕمێلانی پارێزگای حەسەکە کشانەوە بە ئاڕاستەی خاکی عێراق.

بەڵام کۆمەڵەکە دەشڵێت هاوکات هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی زیاتر لە 150 ماشێنی بارهەڵگر پـێداویستی بۆ ئەو هێزە نوێـیەی ناردووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ هێزێکی دیکە ئاڵوگۆڕیان پـێکرا لە بنکەی جەلەبیە و فڕۆکەخانەی کۆبانی.

جێی ئاماژەیە 19 ی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بڕیاری دا هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا بکشێنەوە پاش ئەوەی شکست بە داعش لە سوریا هێنرا.

ئەم بڕیارە لە ناکاوەی سەرۆکی ئەمەریکا ناڕەزایی زۆری لە لایەن هەندێک کاربەدەستی ئەمەریکای لێکەوتەوە، لەوانە جێم ماتیس کە وەزیری بەرگری بوو و برێت مەکگورک نوێنەری پـێشووی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، هەردووکیان دەستیان لەکارەکانیان کێشایەوە.

XS
SM
MD
LG