Accessibility links

ژمارەیەک لە سیناتۆرانی ئەمەریکا ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا دەردەبڕن


ژمارەیەک لە سیناتۆرانی ئەمەریکا ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر بڕیاری لە ناکاوی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوەی تەواو و بە پەلەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا.

سیناتۆر لینزی گراهام لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" کاشنەوەی ئەم هێزە بچوکەی ئەمەریکا لە سوریا وەک هەڵە گەورەکانی ئۆبامایە."

پاشان دەڵێت "بەڕاست سەرۆک دەیەوێت سنوورێک بۆ ئێرانیـیەکان دابنێت. لەگەڵ ئەوەش کشانەوەی ئەو هێزانە، هاوپەیمانە کوردەکانمان دەخاتە بەر مەترسیـیەوە."

سیناتۆر مارکۆ ڕۆبیو ئەویش لەم بارەیەوە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی فەیسبوکەکەیەوە بۆ ماوەی زیاتر لە 12 خولەک باسی ئاکامە خراپەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکای لە سوریا کرد.

دەڵێت ڕاستە داعش دووچاری شکستی گەورە بووە، بەڵام هێشتا جێی مەترسیـیە، بۆیە ئەگەر تورکیا هێرشبکاتە سەر هێزە کوردیـیەکان ئەوا ئەو هێزانە واز لە شەڕی داعش دەهێنن و دەچن بەرگری لە ناوچە کوردیـیەکانی خۆیان دەکەن، بەوەش شیانی هەیە داعش جارێکی دیکە بەهێزببێتەوە.

پاشان ئەم سیناتۆرە کۆماریـیە دەڵێت بە دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا هێندەی دیکە بوار بۆ ئێرانیـیەکان دەڕەخسێت لەو وڵاتە خۆیان و گروپەکانی سەر بەخۆیان وەک حزبوڵڵای لوبنان بەهێزبکەن و مەترسی زیاتر بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل دروستببێت.

دواتر مەترسی خۆی دەردەبڕێت لە بەرامبەر ئەوەی کەس متمانەی بە ئەمەریکا نەمێنێت، دەڵێت ئەگەر خۆمان بەراورد بکەین بە ڕووسیا و ئێران، ئەوەتا ئەوان هێشتا بە هاوپەیمانی ئەسەد ماونەتەوە و بەرگری لێدەکەن. دەڵێت ڕکابەرانی ئەمەریکا، لەوانە ڕووسیا ئەم خاڵە دەقۆزنەوە بۆ ڕاکێشانی وڵاتانی وەکو میسر و ئوردن و سعودیـیە بە لای خۆیدا. دەشڵێت ئەم نەمانی متمانەیـیە هەر لە سنووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوەستێت، بەڵکو تەواوی جیهان دەگرێتەوە. نمونە دەهێنێتەوە و دەڵێت ئەگەر ژاپـۆن و کۆریای باشور بکەونە ژێر فشاری چین، ئەوا ئەمەیان لەبەر چاو دەبێت و متمانەیان بە ئەمەریکا نابێت و بە داواکانی چین قایل دەبن.

XS
SM
MD
LG