Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: 150 ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری دیکەی هاوپەیمانان گەیشتوونەتە سوریا


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژی داعش هێزی زیاتری بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ناردووە.

کۆمەڵەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕاپـۆرتێکیدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی زیاتر 150 ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری پـڕ لە ئامێری لەشکری و چەک و تەقەمەنی گەیشتوونەتە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات لە سوریا.

دەشڵێت بەمەش دەکاتە 1900 ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر کە لە سەرەتای مانگی هەشتی ئەمساڵەوە هاتوونەتە ناوچەکە بە ئامانجی فراوانکردنی بنکە لەشکریـیەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ فڕۆکەخانەکانیان لە حەسەکە و دێر زور و ڕەققە و ناوچە گوندیـیەکانی حەلەب.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لەوەتای مانگی شەشەوە هاوپەیمانان پەرەیان بە بوونیان لە باکوری و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوە و ئێستا بە لایەنی کەم 18 بنکەیان لە ڕۆژهەڵاتی فورات و ناوچەی مەنبج هەیە، لەوانە 6 بنکەیان گەورەن. بنکەکانیش کەوتوونەتە کۆبانی و خراب عشگ و مەنبج لە سنووری پارێزگای حەلەب و عەین عیسا و ڕەققە و تەبقە لە پارێزگای ڕەققە و شەدادی و هۆل و تەل تەمر و تەل بیدەر و ڕمێلان لە پارێزگای حەسەکە و کێڵگەی نەوتی عومەر و بەحرە لە ناوچە گوندیـیەکانی دێر زور. باس لەوەش دەکات لە بنکە گەورەکان فڕۆکەخانەیان لێـیە بۆ نیشتنەوە و هەستانی فڕۆکەکانی باری لەشکری، وە ئەو بنکانەش بەردەوام دەپارێزرێن لە ڕێگەی چاودێری ئاسمانی و بوونی هێزی جێگیر و گەڕۆک بە دەوریاندا.

جێی ئاماژەیە جێم ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریکا مانگی ڕابردوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە وەزارەتی بەرگری گوتی دەبێت بەر لەوەی هێزەکانی ئەمەریکا سوریا جێبهێڵن داعش لەناوببرێت و مەشق و ڕاهێنان بە هێزە خۆجێـیەکان بکرێت و وتووێژەکانی جنێڤ، ئەوەی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەچن چالاکبکرێنەوە بە ئاڕاستەی کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆی سوریا.

XS
SM
MD
LG