Accessibility links

ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکا: واشنتن دەیەوێت هێزی عەرەبی شوێنی هێزەکانی لە سوریا بگرنەوە


ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جورناڵ دەڵێت کاربەدەستانی ئەمەریکایی گوتویانە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ خوازیارە هێزی لەشکری عەرەبی شوێنی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بگرنەوە لە پاش شکستهێنان بە داعش.

ڕۆژنامەکە دەڵێت جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری نوێی سەرۆک ترامپ بۆ ئاسایشی نیشتمانی لەم دوایـیانە پەیوەندی بە عەباس کەمال بەڕێوەبەری موخابەراتی میسر بە وەکالەت کردووە تاوەکو ڕاوبۆچوونی قاهیرە لەم بارەیەوە وەربگرێت.

کاربەدەستان گوتویانە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ داوای لە عەرەبستانی سعودیـیە و ئیمارات و قەتەر کردووە بە ملیاران دۆلار ببەخشن بۆ بنیادنانەوەی باکوری سوریا. لەگەڵ ئەمەشدا واشنتن دەیەوێت وڵاتانی عەرەبی سەرباز ڕەوانەی باکوری سوریا بکەن.

هاوکات عادل جوبێر وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیـیە لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە نێو هێزێکی هاوپەیمانی ئیسلامی تاوەکو ڕەوانەی سوریا بکرێت.

لە لایەکی دیکە ئێریک پـرێنس دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەکادیمی ئەمەریکایی بۆ هێزی ئاسایشی تایبەت گوتویەتی ژمارەیەک کاربەدەستی عەرەب پەیوەندیـیان پـێوە کردووە لە بارەی چۆنیەتی پـێکهێنانی هێزێک لە سوریا.

بەڵام کاربەدەستێک لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕەتیکردەوە هیچ پـلانێکی لەشکری هەبێت بۆ هێنانی هێزی عەرەبی ناسوری بۆ ناو سوریا و گوتویەتی فەرماندەیەتی لەشکری ئەمەریکا کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی توانای هێزەکانی سوریای دیموکرات و هەروەها زیادکردنی ژمارەی عەرەبە سوریـیەکان لە نێویدا تاوەکو بتوانن ڕووبەڕووی ئەو گرفتانە ببن کە لەو ناوچانەی تیایاندا هەن.

XS
SM
MD
LG