Accessibility links

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکەی لە سوریا کۆتایی هات


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت ئەو ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەی لە دژی چەند شوێنێکی گرنگی ڕژێمی سوریا بەڕێوەی‌برد، کۆتایی پـێهات و هەموو ئەو شوێنانەی دەسـتنیشانکرابوون وێرانکران.

وەزارەتەکە دەشڵێت هیچ هەماهەنگیـیەک لەگەڵ ڕووسیا نەکراوە لە بارەی بۆردومانەکانەوە و تەنیا لە ڕێڕەوی فڕۆکە و موشەکەکان ئاگادارکراونەتەوە تاوەکو لە ئاسماندا لەگەڵ فڕۆکەکانی ڕووسیا پـێکدادان ڕوونەدات.

بەپـێی وەزارەتەکە کارگەیەکی دروستکردنی گازی سارین لە حومس و ناوەندێکی توێژینەوەی چەکی کیمیایی لە دیمەشق کرابوونە ئامانج.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکرێت ئەو بڕە تەقەمەنیـیەی لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆ بەکارهاتبوو دوو هێندەی ئەو تەقەمەنیـیانە بووە کە لە ئۆپەراسیۆنەکەی ساڵی ڕابردوودا بەکارهاتبوو.

نوێنەری ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناڕەزایی توندی وڵاتەکەی لەم بارەیەوە دەربڕی و گوتی ئەمە سووکایەتیـیە بە سەرۆکی ڕووسیا و هەروا تێپەڕنابێت.

میدیاکانی ڕژێمی سوریا دەڵێن هێزی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیان 13 موشەکی خستووەتە خوارێ.

XS
SM
MD
LG