وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت هیچ جۆرە کاردانەوەیەکی وڵاتەکەی لە بەرامبەر حکومەتی بەشار ئەسەد بە دور دانانێت لە پاش ئەو ڕاپـۆرتانەی باسیان لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سوریا کردووە.
جەیمس ماتس ئەمڕۆ دووشەممە لە وەزارەتی بەرگری قسەی بۆ ڕۆژنامەوانان کرد بەر لەوەی لەگەڵ میری قەتەر کۆببێتەوە. گوتی" یەکەم شت کە دەبێت قسەی لەسەر بکەین، ئەوەیە بۆچی هێشتا چەکی کیمیایی لە سوریا بەکاردەهێنرێت لە کاتێکدا ڕووسیا زامنی لەناوبردنی ئەو چەکە کیمیایـیانەیە. بۆیە بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانانمان و دۆستانمان لە ناتۆ هەتا قەتەر و ئەوانی دیکە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە دەکەین."
پاشان لەلایەن ڕۆژنامەوانێکەوە پـرسیاری لێکرا، ئایا دەتوانێت بڵێت هێرشی ئاسمانی لە دژی حکومەتی بەشار ئەسەد وەلاوەدەنرێت؟ ماتس لە وەڵامدا گوتی " لە ئێستادا هیچ شتێک بە دور دانانێم."