Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەیەک لە سوریا 2 ئەندامی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کوژراون


لەشکری ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕۆژی پـێنجشەممە 2 ئەندامی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کوژراون و 5 ی دیکە برینداربوون بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک لە سوریا.

فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا لە بەیانـنامەیەکدا ئەمەی ڕاگەیاند، بەڵام هیچ وردەکاری زیاتری لەبارەی تەقینەوەکە نەدا.

بەپـێی میدیا خۆجیـیەکانی ناو سوریا، شەوی پـێنجشەممە لە ناوچەی شێخ عەقیلی باشوری شاری مەنبج بۆمبێکی چێنراو بە ژمارەیەک ئۆتۆمبیلی ئەمەریکایی تەقیوەتەوە و زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە، پاشان هەلیکۆپتەری لەشکری ئەمەریکا بە پەلە گەیشتوونەتە شوێنەکە و بریندارەکانیان گواستووەتەوە.

هاوکات هێزەکانی ئەنجومەنی لەشکری مەنبجی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات چواردەوری ناوچەکەیان داوە و ڕێگەیان نەدابوو کەس لە شوێنی تەقینەوەکە نزیک ببێتەوە. هەروەها ژمارەیەک هەلیکۆپتەر بە ئاسمانی ناوچەکە سوڕاونەتەوە.

پاش ڕووداوەکە هێزی زیاتری هاوپەیمانان گەیشتوونەتە شاری مەنبج.

جێی ئاماژەیە ئەمە لە کاتێکدا بووە کە تورکیا پـێداگیری دەکات هێزە کوردیـیەکان لە مەنبج بکشێنەوە، دەڵێت ئەگەربێت ئەمەریکا بۆ ئەم کارە ناچاریان نەکات ئەوا ئەنکەرە خۆی بەوە هەڵدەستێت.

XS
SM
MD
LG