Accessibility links

ئەمەریکا بەرنامەیەکی CIA بۆ کۆمەکردنی چەند گروپێـکی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا کۆتایی پـێدەهێنێت

  • VOA News

سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری دا بەرنامەیەکی دەزگای CIA بۆ مەشق و ڕاهێنانی چەند گروپـێکی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا کۆتایی پـێبهێنرێت و هەروەها چیتر پـێداویستی سەربازیـیان بۆ دابن نەکرێت.

چەند کاربەدەسـتێکی ئەمەریکا دەڵێن ئەم بڕیارە نزیکەی مانگێـکە دراوە پاش ئەوەی سەرۆک ترامپ کۆبوونەوەیەکی سازکردبوو لەگەڵ هێربەرت ڕایمۆند مەکماستەر ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی و مایک پـۆمپیۆ بەڕێوەبەری CIA و چەند بەرپـرسێـکی دیکە.

خانم سارا هەکەبی ساندەرز گوتەبێژی کۆشکی سپـی ڕۆژی چوارشەممە ئامادە نەبوو لێدوان لەسەر هەواڵەکە بدات کاتێـک پەیامنێران لەم بارەیەوە پـرسیاریان لێکردبوو.

بەرنامەکە لە ساڵی 2013 وە دەسـتیپـێکردبوو، کاتێـک سەرۆکی پـێشوو براک ئۆباما بڕیاری لەسەر دابوو بۆ بەهێزکردنی گروپە میانڕەوەکانی دژی بەشار ئەلئەسەد سەرۆکی سوریا، ئەمەش تاوەکو فشاربخرێتە سەر حکومەتی سوریا و وەهای لێبکرێت ڕوو لە مێزەکانی دانوستاندن بکات بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە.

هەندێک کاربەدەست هەن پـێـیانوایە کۆتایی‌هێنان بە بەرنامەکە بەشێـکە لە هەوڵی سەرۆک ترامپ بۆ باشکردنی پەیوەندیـیەکان لەگەڵ ڕووسیا کە لە دژی ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا بووە. جگە لەمە هەر لە سەرەتاوە نیگەرانی هەبوون لەوەی ئەم چەکانەی ئەمەریکا لە کۆتایـیدا دەکەونە دەسـتی کێـیەوە.

هاوکات کاربەدەستان گوتویانە مەشق و ڕاهێنان و دابینکردنی چەک و پـێدوایستی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەوانەی شەڕی داعش دەکەن بەردەوام دەبێت.

XS
SM
MD
LG