Accessibility links

ئەمەریکا چاوەڕوانە ڕووسیا هێرشی سەر حەلەب ڕابگرێت


کۆشـکی سـپی دەڵێت ئەمەریکا چاوەڕوانە ببینێت ئایا ڕووسیا سەرکەوتوو دەبێت لە ڕاگرتنی ئوپەراسیۆنە لەشکریـیەکان لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەبی سوریا یان نا.

جۆش ئێرنست گوتەبێژی کۆشـکی سـپی ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی " هەر لە سەرەتاوە ڕێبازی ئێمە لەگەڵ ڕووسەکان ئەوەیە زۆر بە وردی گوێـیان لێدەگرین، بەڵام دوایی سەیری کردارەکانیان دەکەین."

پـێشتر هەر ئەمڕۆ لە پەراوێزی کۆنگرەی ئاسایش و هاوکاری ئەوروپا کە لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆبووەوە بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب کە لە ژێر دەسـتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندایە و کەوتووەتە بەر هێرشێـکی گەورەی هێزەکانی حکومەت بە پاڵپشـتی ڕووسیا.

پاشان سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە لێدوانێـکیدا بۆ میدیاکان گوتی لەشکری سوریا ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکانی لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب ڕاگرتووە تاوەکو خەڵکی سیڤیل بتوانن ناوچەکە چۆڵ بکەن.

گوتیشی هەورەها بە ڕێکەوتنێـک گەیشتوون لە بارەی سازدانی کۆبوونەویەک لە نێوان شارەزایانی لەشکری ئەمەریکی و ڕووسی بۆ تاووتوێکردنی ڕەوشی حەلەب. باسی لەوەش کرد کۆبوونەوەکە ڕۆژی شەممە لە ژنێڤ سازدەکرێت.

XS
SM
MD
LG