Accessibility links

کاربەدەسـتێـکی ئەمەریکا: لەم نزیکانە هێزی تایبەتی ئەمەریکا دەگاتە سوریا


کاربەدەسـتێـکی ئەمەریکا دەڵێت لەم نزیکانە هێزی تایبەتی ئەمەریکا دەچێتە باکوری سوریا بە مەبەستی یارمەتیدان لە هەماهەنگی نێوان هێزە خۆجێـیەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ لێدانی داعش.

برێت مەکگورک جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە لە میانەی بەرنامەی Face the Nation ی کەناڵی CBS ی ئەمەریکایی ئەمەی ڕاگەیاند، بەڵام نەیگوت بە تەواوی کاتی ڕۆیشتنی هێزەکە کەی دەبێت.

جێی وەبیرهێنانەوەیە سەرۆک ئۆباما مانگی ڕابردوو فەرمانی دا نزیکەی 50 سەربازی هێزی تایبەتی ئەمەریکا ڕەوانەی سوریا بکرێن بۆ کارکردن لەگەڵ هێزە کوردی و عەرەبی و کرستیان و تورکمانەکان.

مەکگورک گوتی ئەمەریکا لە شەڕدایە لە دژی داعش و پـێویستە تەواوی کۆمەڵی نێودەوڵەتی وەها ببێت.

لە وەڵامدانەوەی بەرامبەر ئەو ڕەخنانەی لە ئەمەریکا دەگیرێن و دەڵێن زۆر بە خاوی ڕووبەڕووی داعش بووەتەوە لە عێراق و سوریا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی ئەو بەرەوپـێشچوونانەی لەم دوایـیانەدا لە دژی داعش بە ئاڕاستەی ڕەققە تۆمارکراون، 6 مانگ لەمەو پـێش نەدەبوون.

گوتیشی هێزە کوردی و عەرەبیـیەکان پـێکەوە ئۆپەراسیۆنێـکی زۆر سەرکەوتووانەیان لە باکوری سوریا ئەنجامداوە و توانیویانە لە ماوەی دوو هەفتە نزیکەی 1100 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ژێر دەسـتی داعش ڕزگاربکەن و هەروەها نزیکەی 300 چەکداری داعشیان کوشتووە. ئێستاش کاردەکەن بۆ دابڕاندنی شاری ڕەققە کە وەکو پایتەختی داعشی لێهاتووە.

XS
SM
MD
LG