وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە توندی کوشتنی زانایەکی ئاسەواری مێژوویی سوریا شەرمەزارکرد کە ڕۆژی سێشەممە بە دەستی داعش سەربڕا.
جان کێربی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕۆژی چوارشەممە لە میانەی کۆنفرانسی ڕۆژانەیدا گوتی بە توندترین شێوە ئەو کارە دڕندانە و قێزەوەنەی داعش شەرمەزاردەکەین کە دکتۆر خالد ئەلئەسعەدی کوشت، ئەوەی هەموو ژیانی بۆ پاراستنی گەوهەرە مێژویـیەکانی وڵاتەکەی تەرخان کردبوو.
پاشان گوتی هەوڵەکانی داعش بۆ سڕینەوە و نەهێشتنی ئەو مێژووە دەوڵەمەندەی سوریا لە کۆتایـیدا هەر شکستدەهێنێت، وە بە تاڵانبردنی پارچە ئاسەوارە مێژوویـیەکان لە سوریا و عێراق نیشانەی ئەوەیە داعش هەوڵ دەدات سوودیان لێوەربگرێت بۆ دابینکردنی پارە بۆ کارە تێرۆرسـتیـیەکانی.
جێی ئاماژەیە داعش ڕۆژی سێشەممە لە شاری تەدموری ناوەڕاستی سوریا دکتۆر خالد ئەلئەسعەد تەمەن 82 سـاڵی لە بەرچاوی خەڵکی سەربڕی و پاشان تەرمەکەی بە عەمودێـکی ترافیکی سەر جادەیەکی شارەکە هەڵواسی.