Accessibility links

ئانادۆڵو: ئەمەریکا دوو بنکەی سەربازی لە نزیک مەنبج دادەمەزرێنێت


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی نیمچە فەرمی تورکیا دەڵێت هێزەکانی ئەمەریکا دەسـتیانکردووە بە بنیادنانی 2 بنکەی سەربازی لە نزیک شاری مەنبجی باکوری سوریا.

ئاژانسەکە ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، بەپـێی زانیاری لە سەرچاوەی بڕواپـێکراوەوە، هێزەکانی ئەمەریکا دەستیانکردووە بە فراوانکردنی شوێنی 2 خاڵی چاودێری لە دەوروبەری گوندی ئەلدادات کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە باکوری شاری مەنبجەوە دورە. دەڵێت یەک لە خاڵەکان نزیکەی 8 کیلۆمەتر دورە لە ڕووباری ساجوری نێوان هێزەکانی قەڵغانی فوراتی تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات. خاڵەکەی دیکە لە نزیک کێڵگەی نەعیمەیە کە 4 کیلۆمەتر لە هێزەکانی قەڵغانی فوراتەوە دورە.

سەرچاوەکە گوتوشیەتی هێزەکانی ئەمەریکا دەسـتیانکردووە بە ناردنی کەرەستەی بیناسازی و ئامێری قورس بۆ ناوچەکە تاوەکو دەستبکەن بە بنیادنانی هەردوو بنکەکە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە ئەمەریکا هێزی زیاتری بۆ مەنبج ناردووە و زیاتر چاودێری ناوچەی نێوان هەردوو هێزەکە دەکات.

کاربەدەستانی تورکیا چەندان جار باسیان لەوە کردووە کە دەبێت هێزەکانی یەپەگە لە ناوچەی مەنبج بکشێنەوە ئەگەر نا ئەوا بە زەبری هێز لەوێ نایانهێڵن.

XS
SM
MD
LG