Accessibility links

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پـێشنیاری تەرخانکردنی 300 ملیۆن دۆلار بۆ شەڕی داعش لە سوریا دەکات

  • VOA News

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پـرۆژە بودجەی خۆی بۆ ساڵی 2019 ئاشکراکرد و تیایدا پـێشنیاری تەرخانکردنی 300 ملیۆن دۆلاری کردووە بۆ شەڕی دژی داعش لە سوریا.

وەزارەتەکە پـرۆژە بودجەکەی لەسەر ماڵپەڕی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە لە 116 لاپەڕە پـێکهاتووە. لە لاپەڕەی 51 نووسیویەتی وەزارەتی بەرگری لەسەر بنەمای ستراتیژیەتی حکومەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژی داعش سەنگی دەخاتە سەر هەوڵەکانی لە ڕێگەی کارکردن لەگەڵ هێزە ئاسایشیـیەکانی عێراق و هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا، ئەمەش تاوەکو سەقامگیریـیەکی درێژدەم لە ناوچەکەدا بەرقەراردەبێت.

پاشان نووسیویەتی بۆ ئەم مەبەستە داوای 1.4 ملیار دۆلار دەکات، لەوانە 850 ملیۆن دۆلار بۆ مەشق‌ و ڕاهێنان و دابینکردنی پـێداویستی لە عێراق و 300 ملیۆن دۆلار بۆ هەمان مەبەست لە سوریا و 250 ملیۆن دۆلاریش بۆ پاراستنی سنوورەکان لە داعش.

ئەم بڕە پارانە بەشێکن لەو 686.1 ملیار دۆلارەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە ڕەزامەندی سەرۆک ترامپ پـێشنیاری کردووە بۆ بودجەی خۆی لە 2019 .

جێی ئاماژەیە لە سیستمی حکومەتی ئەمەریکا، لە مانگی دەی ساڵەوە کار بە بودجەی ساڵی نوێ دەکرێت، واتە ئەگەربێت ئەم پـرۆژە بودجەیە لە لایەن کۆنگرێسەوە پەسەندکرا، ئەوا لە مانگی دەی ئەمساڵەوە کاری پـێدەکرێت.

ئەم پـێشنیارەی ئەمەریکا ناڕەزایی تورکیای لێکەوتووەتەوە و میدیا فەرمیـیەکانی تورکیا دەڵێن پـنتاگۆن بڕیاری داوە 550 ملیۆن دۆلار بۆ هێزکانی یەپەگە تەرخان بکات.

هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێکیدا بۆ ئەندامانی پارتەکەی داوای لە ئەمەریکایـیەکان کرد لە بەرامبەر ئەم کارەی حکومەتی وڵاتەکەیان بێ دەنگ نەبن، دەڵێت ئەم پارەیە لە گیرفانی ئێوە دەردەچێت و بەوانە دەدرێت.

XS
SM
MD
LG