Accessibility links

ئەمەریکا هێزێکی 400 سەربازی خۆی لە سوریا دەکێشێتەوە


هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دەڵێت زیاتر لە 400 سەربازی هێزی مارینزی ئەمەریکا کە یارمەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان دەدا لە ڕزگارکردنی شاری ڕەققە لە داعش، بەم زووانە دەگەڕێنەوە بۆ وڵات.

کۆلۆنێل ڕیان دیلۆن گوتەبێژی هاوپەیمانان ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەسەر تویتەری فەرمی خۆی هەواڵەکەی ڕاگەیاند و نووسیویەتی هێزی 10 ی بەتالیۆنی یەکی مارینز کە لە 15 ی مانگی نۆی ئەمساڵەوە شوێنی هێزێکی دیکەیان گرتبووەوە لە میانەی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەققە لە داعش فەرمانی گەڕاندنەوەیان بۆ وڵات دراوە.

پاشان باس لە ڕۆڵی ئەو هێزە دەکات کە چۆن بە تۆپـی جۆری M777 howitzer ی 155 ملیم پاڵپشـتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان کردووە لە گەمارۆدانی شاری ڕەققە لە 6 ی مانگی شەش و دواتر ڕزگارکردنی تەواوی شارەکە لە 20 ی مانگی دە.

کۆلۆنێلی ئەمەریکایی جەختی لەوەش کردەوە کە هەرچەندە لە پاش ڕزگارکردنی بەشێکی گەورەی خاکی سوریا و عێراق لە داعش هێزەکانیان کەم دەکەنەوە، بەڵام هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ یارمەتیدانی هاوبەشەکانیان لە سوریا و عێراق بۆ چەسپاندنی ئاسایش. گوتیشی ئەو هێزانەی دەمێنـنەوە بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانیان بۆ ڕاوەدونانی پاشماوەکانی داعش و ڕێگەگرتن لە گەڕاندنەوەیان و هەروەها دەمێنـنەوە بۆ خولقاندنی ڕەوشێک کە یارمەتی حکومەتە نێودەوڵەتیـیەکان و ڕێکخراوە ناحکومیـیەکان بدات لە پـێشکەشکردنی یارمەتی بە خەڵکی تاوەکو ناوچەکانیان ئاوەدانبکەنەوە لە پاش ئەو حوکمڕانیـیە تۆقێنەرەی لە ژێر دەسەڵاتی داعش بینیان.

XS
SM
MD
LG