Accessibility links

بڕیارە فەرماندە باڵاکانی هەردوو لەشکری ئەمەریکا و ڕووسیا لە بارەی سوریا کۆببنەوە


بڕیارە فەرماندە باڵاکانی هەردوو لەشکری ئەمەریکا و ڕووسیا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا کۆببنەوە بۆ تاووتوێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە سوریا، ئەمەش پاش ئەوەی ئەمەریکا بڕیاری دا هێزێکی بچوکی خۆی لەوێ بهێڵێتەوە بۆ پاراستنی هاوپەیمانە کوردەکانی.

کۆلۆنێل پاتریک ڕایدەر گوتەبێژی دەستەی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا گوتی کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەدەچێت و جەنەڕاڵ جۆزێف دەنفۆرد سەرۆک ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا سەرۆکایەتی شاندی ئەمەریکایی دەکات و جەنەڕاڵ ڤالێری گێراسیمۆڤ سەرۆک ئەرکانی لەشکری ڕووسیا سەرۆکایەتی شاندی ڕووسی دەکات.

گوتیشی هەردوو فەرماندە تاووتوێی کۆمەڵێک بابەت دەکەن، لەوانە چۆنیەتی خۆپاراستن لە ڕوودانی بەریەک‌کەوتن لە میانی ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکانی هاوپەیمانانی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە سوریا و هەروەها ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکانی ڕووسیاش لەو وڵاتە.

سەرۆک ترامپ لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو بڕیاری دا هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بکشێنەوە پاش ئەوەی شکست بە داعش هێنرا، بەڵام دواتر ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر هێشتنەوەی نزیکەی 200 سەرباز لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئەوەی وەک سەربازانی ئاشتی پارێز ڕۆڵ ببینن.

کۆمێنتی خۆت لە ڕێگەی فەیسبوکەوە بنووسە

XS
SM
MD
LG