Accessibility links

نێردراوی سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی نزیک شاری ڕەققە دەکات

  • VOA News

نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش سەردانی ناوچەیەکی باکوری سوریای کردووە و لەوێ لەگەڵ نوێنەرانی شاری ڕەققە کۆبووەتەوە.

برێت مەکگورک ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتە شارۆچکەی عەین عیسای ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و لەوێ لەگەڵ ئەندامان و نوێنەرانی ئەنجومەنی شاری ڕەققە کۆبووەتەوە.

بەپـێی ئاژانسی هاوار نیوز بۆ ماوەی 2 کاژمێر لە پشـت دەرگای داخراو کۆبوونەوەکەیان ئەنجامداوە.

عەبدوڵڵا ئەلعەریان جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ڕەققە گوتویەتی لە میانەی کۆبوونەوەکە تاووتوێی چەند بابەتێـکی گرنگیان کردووە. گوتیشی هاتنی مەکگورک بۆ عەین عیسا پەیامێـکی گرنگە بە تایبەتی کە ئەم جارە سەردانەکەی بە ئاشکرا ئەنجام دا و لە بەردەم دەزگاکانی ڕاگەیاندەوە.

بەپـێی سەرچاوە هەواڵیـیەکان لە میانەی کۆبوونەوەکە باس لە چۆنیەتی سەقامگیرکردنی ناوچەکە و ئایندەی شاری ڕەققە کراوە و هەروەها پـێداویستیەکانی خەڵکی شارەکە لەم کاتەی شەڕی قورس لە ناو شارەکە بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئاوارە دەبن و ڕوو دەکەنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

جێی ئاماژەیە لەم سەردانە جەنەڕاڵ ڕۆبەرت جۆنز جێگری فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ شەڕی دژی داعش یاوەری برێت مەکگورکی کرد.

XS
SM
MD
LG