Accessibility links

فەرماندەی ئەنجومەنی لەشکری مەنبج دەڵێت بەڵێنیان پـێدراوە هاوپەیمانان لە شارەکەیان دەمێننەوە


فەرماندەی گشتی ئەنجومەنی لەشکری مەنبج دەڵێت بەڵێنیان پـێدراوە هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە شارەکەیان دەمێننەوە سەرەڕای ئەو ڕێکەوتنەی لە نێوان واشنتن و ئەنکەرە کراوە.

محەمەد مستەفا (ئەبو عادل) ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە بەر لە ڕێکەوتنەکەی نێوان ئەمەریکا و تورکیا، ئەنجومەنی لەشکری مەنبج کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی باڵای هاوپەیمانان ئەنجامدابوو، وە لەو کۆبوونەوەیە هاوپەیمانان چەختیان کردووەتەوە لە مەنبج دەمێننەوە و بە هیچ شێوەیەک دەسـتبەرداریان نابن.

گوتیشی هەتا ئێستا هیچ زانیاریـیەکیان لەبارەی ڕێکەوتنەکە نیـیە، بەڵام چەند ڕۆژێکی دیکە لەگەڵ فەرماندەیەتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کۆدەبنەوە بۆ تاووتوێکردنی ئەم بابەتە.

باسی لەوەش کردووە کە هێشتا هێزەکانی هاوپەیمانان بە شێوەیەکی سەرەکی لە هێڵەکانی پـێشەوەن. جێی ئاماژەیە هێزی ئەمەریکی و فەڕەنسی لە شاری مەنبج و دەوروبەری هەن.

XS
SM
MD
LG