Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت دەبێت کوردەکانی سوریا بەشداربن لە دەستنیشانکردنی ئایندەی وڵاتەکەیان


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت کوردی سوریا هاوبەشێکی مەزنن و دەبێت قسەیان لە ئایندەی وڵاتەکەیان هەبێت و بەشداربن لە دانانی چاکسازیـیەکان بۆ سیستەمی حوکمڕانی داهاتوو.

مایک پەمپـێۆ شەوی چوارشەممە لە ئنستتیوتی جووەکان بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا JINSA لە لایەن دکتۆر مایکڵ ماکۆڤسکی سەرۆکی ئنستتیوتەکەوە پـرسیاری لێکرا لە بارەی سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر کوردەکانی سوریا چۆن دەبێت کە هاوپەیمان بوون لە شەڕی دژی داعشدا.

ئەویش لە وەڵامدا گوتی"بڕوانە، بە درێژایی ئەم ماوەیەی لەم بەڕێوەبەرایەتیـیە خزمەتم کردووە لە نزیکەوە کارمان لەگەڵ کوردەکانی سوریا کردووە. هاوبەشێکی مەزنن. ئێمە ئێستا کاردەکەین بۆ ئەوەی مسۆگەری بکەین کورسیـیەکیان لەسەر مێزکە هەبێت. پـرۆسە سیاسیـیەکەی ئاماژەم پـێکرد، قورسترین بەشە، هۆکاری ئەوەی بەرەوپـێشچوونی تیادا نەکراوە، ئەوەیە ئێمە داوامانکردووە هەموو پـێکهاتەیەک لە سوریا بواری هەبێت ببێتە بەشێک لە حکومەتی ئایندە، ئەگەر ئەوە نەکرێت و نوێنەرایەتیـیان نەبێت، ئەوا نامانەوێت بەشداربین لەوەی کەسێک بێت چاکسازیـیەکان بۆ ڕەوشی سوریا بنووسێتەوە، بۆیە کوردی سوریا بە دڵنیایـیەوە بەشێک لەوە دەبن."

پاشان گوتی لە ئێستادا شەڕی ناو سوریا لە بەردەم وەرچەرخانێکدایە، ڕژێمی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا بە یارمەتی ڕووسیا و ئێران ناوچەی زیاتری خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و هاوکات داعش هەرچەندە بە تەواوی لەناونەبراوە، بەڵام لاوازبووە، بۆیە پـێویستە ئەمەریکا هەڵسەنگاندنێکی ڕژد بۆ ئەم پـێشهاتانەی ناو سوریا بکات. گوتیشی هەرچەندە شکستهێنان بە داعش ئامانجی یەکەمی واشنتن بووە، بەڵام ئێستا دوو ئامانجی دیکەی هەیە ئەویش چارەسەری سیاسی و ئاشتیانە بۆ ئەو وڵاتە بێتە دی و هەموو هێزەکانی ئێران و وەکیلەکانی ئێران سوریا جێبهێڵن.

گوتیشی" ئەگەر سوریا مسۆگەری نەکات هەموو هێزەکانی سەر بە ئێران بە تەواوی دەکشێنەوە، ئەوا بۆ بنیادنانەوەی یەک دۆلاری لە ئەمەریکا دەستناکەوێت."

XS
SM
MD
LG