Accessibility links

یەپەگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات خۆشحاڵی خۆیان بە بڕیارەکەی ئەمەریکا دەردەبڕن


یەکێنەکانی پاراستنی گەل لە سوریا (یەپەگە) خۆشحاڵی خۆیان بە بڕیارەکەی ئەمەریکا دەربڕی کە بۆ پـڕچەککردنی هێزەکانیانە بە ئامانجی خێراکردن لە شەڕی لەناوبردنی داعش لە سوریا.

ڕێدور خەلیل گوتەبێژی یەپەگە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی لە پاش ئەم بڕیارە مێژوویـیە هێزەکانیان دەتوانن ڕۆڵێـکی زیاتر کاریگەر و بەهێزتر ببینن لە شەڕی دژی تێرۆردا.

گوتیشی ئەم بڕیارە گوژمێک دەدات بە هەموو هێزە دیموکراتەکانی شەڕی تێرۆر دەکەن، ئەمەش ئاکامی زۆر باش و خێرای لێ‌دەکەوێتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا نیشانەی ئەو متمانەیەیە کە بە هێزەکانیان دروستبووە لە ئەنجامی ئەو شەڕەی لە بری هەموو جیهان لە دژی تێرۆرستان دەیکەن.

هەروەها تەڵال سلو گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەویش دەستخۆشی لە واشنتن کرد و گوتی یەپەگە بەشێـکی سەرەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتە و ئەمە بڕیارێکی گرنگە و دەبێتە مایەی خێراکردن لە نەهێشتنی تێرۆر.

باسی لەوەش کرد بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ لەوەتای دەستبەکاربووە، ئاستی کۆمەکی بۆ هێزەکانیان زیاترکردووە.

XS
SM
MD
LG