Accessibility links

سەرۆک ترامپ: لەم زووانە خەلافەتەکەی داعش لەناودەبرێت


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت خەلافەتەکەی داعش، ئەوەی لە ساڵی 2014 وە ڕاگەیەندرا، لەم زووانە لەناودەبرێت.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" کاتێک بووم بە سەرۆک، داعش کۆنترۆڵ نەکرابوو و تەشەنەی کردبوو. لەو کاتەوە بەرەوپـێشچوونێکی ئێجگار گەورە ئەنجامدراوە، بە تایبەتی لە ماوەی 5 هەفتەی ڕابردوو. خەلافەت لەم زووانە لەناودەبرێت، دوو ساڵ لەمەوبەر بڕوا نەدەکرا ئەمە ڕووبدات."

دوێنێ سێشەممە پاتریک شاناهان وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە وەکالەت گوتی پـێشبینی دەکرێت لە ماوەی دوو هەفتە داعش دوایـین ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی لە سوریا لەدەستبدات.

جێی ئاماژەیە لەوەتای مانگی حەوتی ساڵی ڕابردووەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پشتیوانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی هەڵمەتەکانیان دەستپـێکردووە بۆ ڕزگارکردنی دوایـین ناوچەی ژێر دەستی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات.

بەپـێی کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەوەتای 10 مانگی نۆی ساڵی ڕابردووەوە کە ئۆپەراسیۆنەکان فراوانترکراونەتەوە، زیاتر لە 1259 چەکداری داعش کوژران و هاوکات بە خوێنی زیاتر بە 664 شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات ناوچەیەکی فراون لە ژێر دەستی ئەو گروپە توندڕەوە ڕزگارکراون.

XS
SM
MD
LG