Accessibility links

باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت پێویستە ئێران لە سوریا بڕواتە دەرێ


باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت وڵاتەکەی پشتیوانی لە گفتوگۆکانی ئاشتی سوریا دەکات ئەوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەیان دەبات و دەشڵێت ڕەنگە سوریا وەک شوێنێک بۆ تیرۆرستان نەمێنێتەوە و گرنگە ئێران و گروپەکانی پاشکۆی لەوێ بڕۆنە دەرێ.

نیکی هەیڵی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم لێدوانەی بۆ ڕۆژنامەوانان دا دوای ئەوەی ستافان دیمستورا نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا ئەنجومەنی ئاسایشی ئاگادارکردەوە لە بارەی ئەو گفتوگۆیانەی هەفتەی ڕابردوو بە کۆتایی گەیشتن و بە درێژایی 10 ڕۆژ لە جنێڤ بەڕێوەچوون لە نێوان لایەنە بەشەڕهاتووەکانی سوریا.

خانم هەیڵی وەڵامی ئەو پرسیارانەی نەدایەوە سەبارەت بەوەی ئایە ئەمەریکا پێیوایە پێویستە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا واز لە پۆستەکەی بهێنێت یان نا.

سیاسەتی سەرۆک ترامپ بەرامبەر سوریا هێشتا ڕوون نییە و هەموو لایەک دەیەوێت بزانێت واشنتن چ ڕێگەیەک دەگرێتەبەر بۆ کۆتایی هێنان بەو شەڕەی 6 ساڵە لە سوریا بەردەوامە.

هەیڵی وتیشی " ئەمەریکا بە تەواوی پشتیوانی دەکات لە ستافان دیمستورا و ئەو کارەی دەیکات، ئێمە پشتیوانی لەو پرۆسەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان و گفتوگۆکانی جنێڤ دەکەین و خوازیارین بەردەوامیان هەبێت."

هەروەها وتی " لە ئێستادا زیاتر پرۆسەکە بۆ چارەسەرکردنی سیاسیە و ئەمەش لە بنەڕەتدا مانای ئەوەی دەکرێت سوریا چیتر وەک شوێنێک بۆ تیرۆرستان نەمێنێتەوە، دەبێت دڵنیابین لەوەی ئێران و پاشکۆکانی لەوێ دەچنە دەرێ، هاوکاتی ئەوەی هەنگاو بۆ پێشەوە دەنێین و سنوورەکانی هاوپەیمانانمان دەپارێزین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG