Accessibility links

ئەمەریکا ئاگاهی دەدات لە مەترسی زاڵبوونی گروپێـکی سەر بە ئەلقاعیدە لە پارێزگای ئیدلبی سوریا


ئەمەریکا ئاگاهی داوە لەوەی ئەگەربێت "هەیئەت تەحریر ئەلشام" بەرەی نوسرەی جاران، کۆنترۆڵی پارێزگای ئیدلیبی باکوری ڕۆژئاوای سوریا بکات، ئەوا ئاکامی خراپی بەسەر باکوری سوریا دەبێت.

مایکڵ ڕاتنی نێردراوی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا دوێنێ چوارشەممە لەسەر تویتەری فەرمی خۆی ڕاگەیاندنێـکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هەڵوێستی ئەمەریکای خستە ڕوو سەبارەت بە دوا پـێشـهاتەکانی ئەم دوایـیانەی پارێزگای ئیدلیب.

ئەم کاربەدەسـتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نووسیویەتی" هەفتەی ڕابردوو باکوری سوریا دووچاری نەهامەتیەکی گەورە بوو، ئەویش (هتش) و بە تایبەتی چەتەکانی ئەلجۆلانی نوێترین هێرشی دوژمنکارانەیان کردە سەر خەڵکی سوریا و لایەنەکان. ئەم هەنگاوەی قاعیدە ئایندەی باکوری سوریا دەخاتە بەر مەترسیـیەکی گەورەوە لە پـێناو ئامانجی تاکە کەسی و حزبی تەسکەوە، بۆیە پـێویستە هەموو لایەک بزانن جۆلانی و چەتەکانی ئۆباڵی ئەو ئاکامانە لە ئەستۆ دەگرن کە بەسەر ئیدلبدا دەشکێنەوە.

پاشان نووسیویەتی ئەو فەتوایانەی گروپی جۆلانی داویانە بۆ کوشتنی ئەندامانی لایەنەکانی دیکە و حەڵاڵکردنی سەر و ماڵیان، نیشانی دەدات هێشتا بیرەباوەڕی قاعیدە لە هزری ئەو ڕێکخراوەدایە، وە گۆڕینی ناوەکەی هیچ لە ڕاستیەکە ناگۆڕێت.

جەختی لەوەش کرد بەرەی نوسرە و ڕێبەرانی کە بەیعەتیان بۆ قاعیدە ڕاگەیاندووە لە ژێر چ ناوێـک کاربکەن هەر بە ئامانجی ئەمەریکا دەمێننەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد بەرەی نوسرە دەیەوێت لە پشت بەڕێوەبەرایەتیـیەکی ساختەی سیڤیلیـیەوە خۆی حەشار بدات، گوتیشی ئەمە هەوڵێـکی نەزۆک و ئاشکرای نوسرەیە و ئەمەریکا مامەڵە لەگەڵ هیچ بەڕێوەبەرایەتیـیەک ناکات بەرەی نوسرە تیایدا بەشداربێت، لەگەڵ ئەوەش ئەو بەڕێوەبەرایەتیـیە بە پاشکۆی ڕێکخراوێـکی تێرۆرستی دادەنێت.

بەڵام گوتیشی لایەن لە نێو ئۆپـۆزسیۆنی سوریادا هەن لەبەر هۆکاری تاکتیکی چوونەتە نێو هتش، بۆیە ئامۆژگاری کردن لەو بەرەیە دوربکەونەوە.

هیواشی خواست ڕێکخراوەکان و دەزگا نێودەوڵەتیـیەکان ڕێگەوبانی وەها بدۆزنەوە بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ خەڵکی سوریا بەبێ ئەوەی بە دەستی بەرەی نوسرە و خاڵە سنووریـیەکانی ژێر کۆنترۆڵی تێپەڕببن.

دواتر گوتی ئەگەربێت و بەرەی نوسرە لە پارێزگای ئیدلب زاڵبێت، ئەوا قوسرە بۆ ئەمەریکا لایەنە نێودەوڵەتیـیەکان قایل بکات کرداری لەشکری لەو ناوچەیە ئەنجام نەدەن.

جێی ئاماژەیە لە مانگی حەوت لە پاش شەڕێـکی خوێناوی نێوان هەردوو گروپی "حەرەکەت ئەحرار ئەلشام" و "هەیئەت تەحریر ئەلشام"لە پارێزگای ئیدلب کە تیایدا بە لایەنی کەم 92 کەس کوژراون و دەیانی دیکە برینداربوون، ئەم دوو گروپە ئیسلامیـیە بە ڕێکەوتنێـک گەیشتن کە وەهای کرد هەیئەت تەحریر ئەلشام دەسەڵاتێـکی زۆر زیاتری لەو پارێزگایە هەبێت کە هاوسنورە تورکیا.

XS
SM
MD
LG