Accessibility links

دادوەری لیبڕاڵی دادگای باڵای ئەمەریکا خۆی خانەنشین دەکات


دادوەری دادگای باڵای ئەمەریکا ستیفن برایەر
دادوەری دادگای باڵای ئەمەریکا ستیفن برایەر

یاسادانەرانی ئەمەریکا دەڵێن دادوەری لیبڕاڵی دادگای باڵای ئەمەریکا ستیفن برایەر بەنیازە خۆی خانەنشین بکات، ئەمەش دەرفەتێک دەداتە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن تاوەکو بەڵێنەکەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی جێبەجێ بکات بۆ دەستنیشانکردنی یەکەمین ئافرەتی ڕەشپێست بۆ پۆستی دادوەری باڵای ئەمەریکا.

خانەنشینبوونی برایەری تەمەن 83 ساڵ کە لە ساڵی 1994 ەوە وەکو دادوەر خزمەت دەکات، یەکەم دەرفەت دەداتە بایدن تاوەکو دادگای باڵای ئەمەریکا بگۆڕێت. سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا سێ جار دادوەری دادگای باڵای ئەمەریکای گۆڕی.

دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکادا زۆرینەن، کە بەپێی دەستووری ئەمەریکا ئەو ئەنجومەنە کاندیدەکان بۆ پۆستی دادوەری دادگای باڵای ئەمەریکا پەسەند دەکات. سەرۆکی زۆرینە دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات چەک شومەر وتی کاندیدەکەی بایدن بۆ جێگرتنەوەی برایەر " دەستبەجێ دانیشتنی لەگەڵدا دەکرێت " و " بەخێرایی " تاوتوێ دەکرێت و پەسەند دەکرێت.

دیموکراتەکان هۆکارێکیان هەیە بۆ ئەوەی خێرا بن، چونکە لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسدا کە لە 8 ی مانگی یانزەدا بەڕێوەدەچێت، کۆمارییەکان هەوڵ دەدەن دووبارە کۆنتڕۆڵی ئەنجومەنی سینات بکەنەوە. سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات میچ مککۆنێڵ ڕوونیکردۆتەوە ئەگەر حیزبەکەی جارێکی دیکە ببێتەوە بە زۆرینە لە ئەنجومەنی سینات ئەوا کاندیدەکانی بایدن بۆ پۆستی دادوەری دادگای باڵای ئەمەریکا ڕەت دەکاتەوە.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساكی وتی بایدن بەڵێنەکەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بەرز ڕادەگرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئافرەتێکی ڕەشپێست بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەک کە لە پۆستی دادوەری دادگای باڵای ئەمەریکادا دروست ببێت. تاوەکو ئێستا کۆشکی سپی و دادگای باڵای ئەمەریکا پلانەکانی برایەرییان بۆ خانەنشین بوون پشتڕاست نەکردۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG