Accessibility links

سودان ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیل واژۆ دەکات و ئەمەریکا یارمەتی دەدات


ڕۆژی چوارشەممە سودان ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا واژۆ کرد و هاوکاتیش یارمەتی دارایی لەلایەن ئەمەریکاوە دەستکەوت، ئەمەش دوای ئەوەی لە مدواییانەدا ئەمەریکا سودانی لە لیستی ئەو وڵاتانە لابرد کە پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن.

لەمیانەی سەردانێکی کورتدا بۆ سودان، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن ڕێکەوتنێکی واژۆ کرد تیایدا هەلێک دەداتە سودان تاوەکو ئاسانکاری بۆ بکرێت ساڵانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری پێبدرێت، ئەوەش لەپێناو ئەوەدا خەرتوم بتوانێت قەرزەکانی بداتەوە بە بانکی نێودەوڵەتی.

وەزیری دارایی سودان هبە ئەحمەد و وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە خەڕتوم " ڕەشنوسێکی لەیەک تێگەیشتنیان واژۆ کرد بۆ دابیکردنی بڕێک پارە تاوەکو سودان بتوانێت قەرزەکانی بداتەوە بە بانکی نێودەوڵەتی."

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە خەڕتوم ڕایگەیاند سودان ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتنی ئابراهامی واژۆ کرد و بەپێی ڕێکەوتنەکە ڕازیبوو بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا.

وتیشی " ڕێکەوتنەکەی نێوان سودان و ئیسڕائیل و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە ڕێگە دەدات ئەو وڵاتانە متمانە لەنێوانیاندا دروست بکەن و هاریکارییەکانیان لە ناوچەکەدا زیاتر بکەن."

بەم ڕێکەوتنەش سودان بووە سێیەمین وڵات لە دوای هەریەک لە ئیماڕات و بەحرەینەوە ڕێکەوتنی ئابراهام واژۆ بکات. لەمدواییانەشدا بە هەمان شێوە مەغریبیش ڕازی بوو بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG