Accessibility links

دەیان دیپـلۆماتکاری ئەمەریکا داوادەکەن سەرۆک ئۆباما ڕێبازی بەرامبەر ئەسەد توندتربکات


زیاتر لە 50 دیپـلۆماتکار لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا یاداشتنامەیەکیان لە نێو خۆیاندا واژوکردووە و تیایدا بە توندی ڕەخنە لە سیاسەتی وڵاتەکەیان لە بەرامبەر سوریا دەگرن و داوادەکەن هێرشی ئاسمانی لە دژی حکومەتی بەشار ئەسەد ئەنجام بدرێت تاوەکو پـێشـێلکاریـیە بەردەوامەکانی بۆ ئاگربەستی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەی ڕابگرێت.

بەپـێی ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ 51 کاربەدەست لە وەزارەتی دەرەوە لە ئاستی مامناوەند و بەرز بەشداریـیان لە یاداشتنامەکە کردووە کە تیایدا ئامۆژگاری خۆیان سەبارەت بە سیاسەتی وڵاتەکەیان لە بەرامبەر سوریا خستووەتە ڕوو.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش ڕایگەیاند زۆربەی دیپـلۆماتەکان لە ئاستی مامناوەنددان و لەوانەن کە لە ماوەی 5 سـاڵی ڕابردوو کاریان لەسەر دۆسێی سوریا کردووە لە ناو ئەمەریکا یان لە دەرەوە.

چاودێران دەڵێن ئەگەربێت و هێرشی ئاسمانی لە دژی حکومەتەکەی ئەسەد ئەنجام بدرێت، ئەوا دەبێتە گۆڕانێـکی گەورە لەو ڕێبازەی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما لە مێژەوە لە بەرامبەر سوریا گرتوویەتەبەر.

کاربەدەسـتێـکی ئەمەریکایی لە وەزارەتی دەرەوە کە واژوی یاداشتنامەکەی نەکردووە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت کۆشـکی سـپی هێشتا لەگەڵ ئەوەدا نیـیە هیچ دەسـتێوەردانێـکی لەشکری زیاتری هەبێت لە شەڕی ناو سوریا. هەروەها گوتویەتی پـێی وانیـیە ئەم یاداشتنامەیە سیاسەتی حکومەتەکەی بگۆڕێت.

جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە بە سەردانێـک لە کۆپـنهاگنە، ئەویش لەم بارەیەوە بە ڕۆیتەرزی گوت یاداشـتنامەیەکی گرنگە و زۆر زۆر ڕێز لەو پـرۆسەیە دەگرێت. گوتوشیەتی کە گەڕایەوە واشنتن لەگەڵ ئەو کاربەدەسـتانە کۆدەبێتەوە. باسی لەوەش کرد هێشتا یاداشـتنامەکەی نەدیوە.

XS
SM
MD
LG