وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوا لە میانمار دەکات دوو ڕۆژنامەنووسەکەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئازاد بکات کە هەفتەی پێشوو لە میانمار دەستگیرکراون.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هێثەر ناورێت وتی " ئێمە زۆر نیگەرانی ئەو دەستگیرکردنەین، ئەمڕۆ ئەمەوێ ڕوونی بکەمەوە کە ئێمە داوا دەکەین بەخێرایی ئازاد بکرێن."
ڕۆژی دووشەممە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە میانمار لە بەیاننامەیەکدا وتی هیچ هەواڵێک نەبووە لە وا لۆنی تەمەن 31 ساڵ و کیاو سو ئۆی تەمەن 27 ساڵەوە لەو کاتەوەی کە لە 12ی مانگی دوانزەدا دەستگیرکراون، هەروەها بەرپرسانیش ڕێگەیان بە خێزانەکانیان نەداوە سەردانیان بکەن.
دوو ڕۆژنامەنووسەکە لەسەر چیرۆکەکانی ئەرکە سەربازییەکەی میانمار لە ویلایەتی ڕاخین کاریان کردووە، کە موڵگەی موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیایە. کردەوە سەربازییەکان بوونە هۆی ئەوەی نزیکەی 600,000 موسوڵمانی ڕۆهینجیا ناچار بن بەرەو بەنگلادیش هەڵبێن.
ڕۆژنامەنووسەکان دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە بۆ ئێوارەخوانێک بانگهێشتکراون لە باکووری یانگۆنی پایتەختەوە دیار نەماون. وەزارەتی زانیاری میانمار دەڵێت ڕۆژنامەنووسەکان بەشێوەیەکی نایاسایی زانیارییان وەرگرتووە و بەنیاز بوون لەگەڵ ڕاگەیاندنە بیانییەکاندا بڵاوی بکەنەوە.
وەزارەتەکە وێنەی دوو ڕۆژنامەنووسەکەی بڵاوکردەوە کە تیایدا کەلەپچە کراون هەرچەندە بە فەڕمی ڕۆیتەرز ئاگادار نەکراوەتەوە لەسەر بارودۆخیان. بەرپرسێکی دادگای یانگۆن بە ڕۆیتەرزی وت دوو ڕۆژنامەنووسەکە لەوانەیە بۆ ماوەی 28 ڕۆژ زیندانی بکرێن و دواتر ئازاد بکرێن.
سەرچاوە/ VOA