بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕێگە بەو ئۆکرانییانە دەدات کە لە دەست داگیرکارییەکەی ڕووسیا هەڵدێن بۆ ماوەیەکی کاتی بێن بۆ ئەمەریکا، ئەمەش لە کاتێکدا ئەگەر سپۆنسەرێکیان لە ئەمەریکا هەبێت.
بەرپرسێکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی وت پڕۆگرامەکە هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکات و ڕێگە دەدات ئەو ئۆکرانییانەی کە شایستەن بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ئەمەریکا بمێننەوە.
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ ئەمەریکا وتی هەر هاوڵاتییەکی ئەمەریکی یاخود نوێنەرێکی کارەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان، دەتوانن سپۆنسەری ئەو ئەو ئۆکرانییانە بکەن کە دەیانەوێت وەکو پەنابەر بێنە ئەمەریکاوە، بەڵام دەبێت دارایی خۆیان ئاشکرا بکەن و پشکنینیان بۆ پێشینەی ئۆکرانییەکان کردبێت.
ڕۆژی دووشەممە سپۆنسەرەکان دەتوانن داواکانیان بۆ سپۆنسەرکردنی ئۆکرانییەکان پێشکەش بکەن، بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکا وتی ئەم پڕۆسەیە ڕەنگە هەفتەیەکی پێبچێت تاوەکو تەواو دەبێت.
مانگی ڕابردوو بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕایگەیاند 100,000 هاوڵاتی ئۆکرانی وەردەگرێت.
لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا لە 24 ی مانگی دوودا، نزیکەی 5 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانیا لە وڵاتەکە هەڵاتوون و زۆرینەیان بۆ وڵاتانی دراوسێی ئۆکرانیا ڕۆیشتوون. لەکاتێکدا زۆربەی ئۆکرانییەکان دەیانەوێت لە ئەوروپادا بمێننەوە، بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن دەڵێت دەستپێشخەرییە نوێیەکە کارئاسانی دەکات بۆ ئەوانەی خێزانییان هەیە یاخود سپۆنسەرییان هەیە گەشت بۆ ئەمەریکا بکەن.
سەرۆک بایدن لە کۆشکی سپی وتی " پڕۆگرامەکە خێرا دەبێت، دڵنیا دەبێتەوە لەوەی ئەمەریکا پابەندە بە گەلی ئۆکرانیاوە."
بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی پڕۆگرامە نوێیەکە ڕۆژی دووشەممە دەستپێدەکات و دەبێت سپۆنسەرەکان لەجیاتی ئۆکرانییەکان داوای وەرگرتنیان بکەن لە ئەمەریکا. وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکاش وتی ئەو ئۆکرانییانەی کە داواکانیان پەسەند دەکرێن دەتوانن لە ئەمەریکا کار بکەن.
بەپێی داتاکانی حکومەتی ئەمەریکا، لە مانگی سێدا نزیکەی 3,300 هاوڵاتی ئۆکرانی ڕووبەڕووی بەرپرسانی سنووری باشووری ئەمەریکا بوونەوە.
بەپێی داتا ناوخۆییەکانی حکومەتی ئەمەریکا کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، ژمارەی ئەو هاوڵاتیە ئۆکرانییانەی کە هەوڵدەدەن لە سنوورەکەوە بپەڕنەوە بۆ ئەمەریکا لە مانگی چواردا زیادیکردووە. بە تێکڕا لە 10 بۆ 16 ی مانگی چوارەوە ڕۆژانە نزیکەی 1000 ئۆکرانی گەیشتوونەتە سەر سنوورەکە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز