Accessibility links

ئەمەریکا دەست دەگرێت بەسەر کەشتیەکی گرانبەهای دەسەڵاتدارێکی دەوڵەمەندی نزیک پوتندا


حکومەتی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لە ئیسپانیا دەستیگرت بەسەر کەشتییەکی گرانبەهای دەسەڵاتدارێکی دەوڵەمەندی ڕووسیادا کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا هەیە، ئەمەش یەکەمین جارە ئەمەریکا بەپێی ئەو سزایانەی سەپاندوویەتی بەسەر ڕووسیادا دەست بەسەر کەشتیەکی گرانبەهای ڕووسیدا بگرێت.

دەزگای پاسەوانی مەدەنی ئیسپانیا و کارمەندانی فیدڕاڵی ئەمەریکا لە بەندەری پاڵما دی مایۆرکای پایتەختی دوورگەکانی بالیاریکی ئیسپانیا لە دەریای ناوەند دەستیان بەسەر کەشتیەکەدا گرتووە. پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێن پۆلیسیان بینیوە لەسەر کەشتییەکە.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا کە مۆڵەتی دەستبەسەراگرتنی کەشتییەکەی لەلایەن دادوەری فیدڕاڵی ئەمەریکاوە لە واشنتن وەرگرتووە، دەڵێت گوایە بەهۆی ساختەکارییەوە لە بانکێکی ئەمەریکا و پارە سپیکردنەوە و سزاکانەوە دەبێت کەشتیە گرانبەهاکە دەستی بەسەردا بگیرێت.

کەشتیە گرانبەهاکە نرخەکەی دەگاتە 120 ملیۆن دۆلار و ئاڵای دوورگەکانی گووکی بەسەرەوەیە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت خاوەنی کەشتییەکە ڤیکتۆر بێکسێڵبێرگی ملیاردێرە کە هاوپەیمانێکی نزیکی پوتنە و سەرۆکی گروپی ڕینۆڤای مۆسکۆیە، کە کۆمپانیایەکە کار لەسەر کانزا و تەکنەلۆجیا و کۆمەڵێک بواری دیکەدا دەکات.
سەرجەم سەرمایەکانی ڤیکتۆر بێکسێڵبێرگ لە ئەمەریکا سڕکراون، کۆمپانیا ئەمەریکییەکانیش ناتوانن کار لەگەڵ خۆی و لایەنەکانیشیدا بکەن.
دوای سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت، ڤیکتۆر بێکسێڵبێرگ کە لە ئۆکرانیا لەدایک بووە، بەهۆی وەبەرهێنانەکانیەوە لە ئەلەمنیۆم و پیشەسازییەکانی سوتەمەنیەوە سەرمایەیەکی بۆ خۆی کۆکردەوە و بووە یەکێک لە دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا.

ئەمەش یەکەمین جارە ئەمەریکا دەست بەسەر کەشتیەکی گرانبەهای دەسەڵاتدارێکی دەوڵەمەندی ڕووسیدا بگرێت. دادوەری گشتی ئەمەریکا مێریک گارلاند و وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یێڵین گروپێکی کارییان پێکهێنا کە بە REPO ناسراوە، ئەوەش وەکو هەوڵێک بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی سەر ڕووسیا بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانایدا. REPO کەسایەتییە دیارەکان و بریکار و دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا دەکاتە ئامانج و سزاکانیان بەسەردا جێبەجێ دەکات.

گارلاند لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەمە دوایین جار نابێت، پێکەوە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانماندا، هەرچی لەتواناماندا بێت دەیکەین بۆ لێپێچینەوە لەو کەسانەی بەرپرسن لە تاوانەکان و پشتیوانی لە حکومەتی ڕووسیا دەکەن بۆ بەردەوامیدان بە جەنگە نادادەکەی."

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG