بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پێشوازی لە شاندەکانی ژاپۆن و کۆریای باشوور دەکات، ئەمەش بەمەبەستی تاوتوێکردنی ستراتیژییەتی هاوبەشی سێ وڵاتەکە بەرامبەر کۆریای باکوور.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان چاوی بە هاوتا ژاپۆنیەکەی شیگیرو کیتامۆرا و هاوتا کۆرییەکەی سوە هون دەکەوێت و کۆبوونەوەکەیان لە ئەکادیمیای دەریایی لە ئاناپۆلیس دەبێت لە نزیک واشنتن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس بە ڕۆژنامەنووسانی وت تیمەکەی ئەمەریکا لەمیانەی کۆبوونەوەکەیاندا باس لەوە دەکەن " گەیشتووینەتە کوێ لە پێداچوونەوە بە سیاسەتماندا بەرامبەر کۆریای باکوور کە لە کۆتاییەکەیدایە "، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا " کۆبوونەوەکە هەلێک دەبێت بۆ ئەوان تاوەکو بۆچوونەکانی خۆیان بە ئێمە بڵێن."
بەرپرسێکی دیکەی باڵای ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە ئامانج لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینی " ڕەخساندنی بوارێکە لەبەردەم دوایین گفتوگۆکاندا لەگەڵ ژاپۆن و کۆریای باشوور لەسەر ئەم بابەتە."
پڕایس وتی " ئێمە وتمان داماڵینی چەکی ناوەکی ناوەڕۆکی سیاسەتی ئەمەریکا دەبێت بەرامبەر کۆریای باکوور، دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ دوو وڵاتەکەی هاوپەیمانمان لە ناوچەکەدا جێبەجێ بکرێت."
سەرچاوە/ فرانس پرێس