سوپای ئەمەریکا وتی دووان لە کەشتیە جەنگییەکانی بە تەنیشت دوورگەیەکدا تێپەڕین کە چین داوا دەکات بیگرێتەخۆی لە دەریای باشووری چیندا، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە لەوانەیە ببێتە هۆی توڕەبوونی چین و گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زیاتر دەکات.
دەریای باشووری چین یەکێکە لەو بابەتە زۆرانەی کە ئەمەریکا و چین ناکۆکیان لەسەری هەیە، یەکێکی دیکە لە خاڵی ناکۆکیەکانیان جەنگی ئابووری نێوانیان و سزاکانی ئەمەریکا و تایوانە.
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ فشارەکانی بۆ سەر چین زیادکرد لەپێناو گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی بازرگانیدا و وتی لەم هەفتەیەدا بڕی 200 ملیار دۆلار گومرگ دەخاتە سەر کەلوپەلە چینییەکان.
وتەبێژێکی سەربازیی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزی وت دوو کەشتی جەنگی ئەمەریکا بریبڵ و چۆنگ هون کە هەردووکیان موشەکی ئاڕاستەکراویان لەسەرە لە دووری 12 میلەوە لە ناوچەی گاڤین و جۆنسن لە دوورگەی سبراتلیەوە تێپەڕیون.
لەلای خۆیەوە چین وتی هێزی دەریایی چین هۆشیاریداوەتە دوو کەشتیە جەنگیەکەی ئەمەریکا کە لەنزیک دوورگەکەوە تێپەڕیون و داوای لێکردوون ناوچەکە جێبهێڵن و وتی پێویستە لەسەر ئەمەریکا واز لەم کارە ئیستیفزازیانە بهێنێت.
چین دەڵێت بەنزیکەی تەواوی دەریای باشووری چین سەر بە چینە، و هەروەها زۆر جار ڕەخنە لە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی زۆرجار دەگرێت بەهۆی ئەرکە دەریاییەکانیانەوە لە نزیک ئەو دوورگەیەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی چیندایە.
ڤیێتنام و فیلیپین و برونای و مالیزیا و ئیندۆنیسیا و تایوانیش داوای بەشی خۆیان دەکەن لە دەریاکەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز