لەشکری ئەمەریکا دەڵێت بە سێ هێرشی ئاسمانی فڕۆکەکانی لە سۆماڵ 6 چەکداری گروپی شەبابی سەر بە قاعیدە کوژراون.
فەرماندەیەتی لەشکری ئەمەریکا بۆ ئەفریکا لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە فڕۆکە جەنگیـیەکانی ئەمەریکا سێ هێرشی ئاسمانیـیان کردووەتە سەر چەکدارانی گروپی شەباب لە ناوچەیەکی سوماڵ کە 260 کیلۆمەتر لە باشوری مەگادیشۆی پایتەختەوە دورە و لە ئاکامدا 6 چەکداری گروپەکە کوژراون.
سەرۆک ترامپ لە مانگی سێدا مۆڵەتی بە وەزارەتی بەرگری دا بە هێرشی ئاسمانی و هەڵمەتی زەمینی شەڕی دژە تێرۆر لە سۆماڵ بکەن لە هەر کاتێـکدا کە بە پـێویستی بزانن بۆ پشـتیوانیکردن لە حکومەتی ئەو وڵاتە.
پـێش ئەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ، لەشکری ئەمەریکا پـێویستی بە ئاگادارکردنەوەی بەپـرسانی باڵای چەندان دەزگای ئەمەریکا هەبوو تاوەکو هێرشێک لە سۆماڵ ئەنجام بدات.
جێی ئاماژەیە چەند ساڵێـکە هێزی تایبەتی ئەمەریکا لە سۆماڵ هەیە، لە ئێستادا نزیکەی 50 سەرباز دەبن.
بزوتنەوەی شەباب لە ساڵی 2004 وە دامەزراوە، بەڵام لە ساڵی 2007 وە کەوتە ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە لە دژی حکومەتی سوماڵ، ئەوەی لە لایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتیـیەوە پشتیوانی دەکرێت.