Accessibility links

سەربازێـکی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنێـکدا لە سۆماڵ دەکوژرێت


لەشکری ئەمەریکا دەڵێت لە میانەی ئۆپەراسیۆنێـکدا لە دژی کۆمەڵی توندڕەوی ئەلشەباب لە ڕۆژئاوای مەقادیشۆی پایتەختی سۆماڵ سەربازێـکی ئەمەریکایی کوژراوە.

فەرماندەیەتی ئەفریکای لەشکری ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی لە بەیانـنامەیەکدا گوتی سەربازەکە لە ئۆپەراسیۆنێـکدا لە نزیک "باریی" گیانی لەدەستداوە. ئەم ناوچەیە نزیکەی 64 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای مەقادیشۆوە دورە. بەیاننامەکە دەشڵێت هێزەکانی ئەمەریکا بۆ یارمەتی و کاری ڕاوێژکاری لەگەڵ لەشکری سۆماڵدان.

لەشکر هیچ زانیاری زیاتری لەم بارەیەوە نەدا و باسی لە کاتی کوژرانی سەربازەکە نەکرد، بەڵام کۆمەڵی شەبابی سەر بە ئەلقاعیدە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی هێزی تایبەتی ئەمەریکا لە ناوچەی شابێلی خواروو دابەزیون و شەڕە تەقە ڕوویداوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکایی کوژراون یان برینداربوون.

کاربەدەسـتێـکی هەواڵگری سۆماڵ بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی پشـتڕاستکردەوە شەوی پـێنجشەممە هێزی ئەمەریکایی بە هەلیکۆپتەر دابەزیون بۆ سەر حەشارگەیەکی شەباب لە گوندی داری سەلام لە نزیک مەقادیشۆ، ئەمەش بە مەبەستی دەسـتگیرکردنی ئەندامانی شەباب یان کوشتنیان.

XS
SM
MD
LG