هاوپەیمانێتی ناتۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە ئەنجامی هێرشێکی ناوخۆدا لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان سەربازێکی ئەمەریکی کوژراوە و یەکێکی دیکەش برینداربووە.
ئەو سەربازەی کە ناسنامەکەی ئاشکرا نەکرا شەشەمین سەربازیی ئەمەریکییە لەمساڵدا لە ئەفغانستان بکوژرێت.
ئەم ڕووداوەش دوو مانگ دوای ئەوە دێت کە ڕاوێژکارێکی سەربازیی ئەمەریکی لەسەر دەستی سەربازێکی ئەفغانی لە هەرێمی ئەرزکان لە باشووری وڵاتەکە بە فیشەک کوژرا.
فەرماندەی هێزەکانی ناتۆ لە ئەفغانستان جەنەڕاڵ سکۆت میڵەر وتی " قوربانیدانی ئەم سەربازە کە خۆبەخشانە هاتووە بۆ ئەفغانستان و پارێزگاری لە وڵاتەکەی کردووە لە دەستچوونێکی کارەساتە بۆ هەموو ئەوانەی کە دەیان ناسی و ئەوانەشی کە نەیان دەناسی."
بەدرێژایی شەڕی چەند ساڵەی ئەفغانستان هێرشە ناوخۆییەکان کە سەربازانی ئەفغانی دژی هێزەکانی ئەمەریکا یاخوود هێزەکانی هاوپەیمانان ئەنجامی دەدەن دووبارە دەبێتەوە سەرەڕای ئەوەی ساڵی ڕابردوو هێرشەکان بە ڕادەیەک کەمتر بۆوە.
هێزەکانی هاوپەیمانان ڕێوشوێنە ئەمنییەکانیان توندتر کردۆتەوە و یەکەی تایبەتیان داناوە بۆ هاوەڵیکردنی هێزەکان لە کاتی مەشق پێکردنی سەربازانی ئەفغانیدا.
بەیاننامەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ ئاماژەشی بەوەداوە کە بارودۆخی سەربازە بریندارەکە جێگیرە و هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا. وتیشی ناوی کوژراوەکە و بریندارەکە ئاشکرا نەکراوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز