Accessibility links

فڕۆکە جەنگیـیەکانی ئەمەریکا 6 هێرشی ئاسمانی لە دژی بزوتنەوەی شەبابی سۆماڵ ئەنجام دەدەن


لەشکری ئەمەریکا دەڵێت 6 هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە لە ناوچەی گەندەرشی باشوری ڕۆژهەڵاتی سۆماڵ و لە ئاکامدا 62 توندڕەوی بزوتنەوەی شەبابی سەر بە قاعیدە کوژراون.

فەرماندەیەتی لەشکری ئەمەریکا لە ئەفریکا ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا گوتی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 15 ی مانگی دوازدە 4 هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە و بوونەتە هۆی کوژرانی 34 چەکدار و ڕۆژی یەکشەممەش دوو هێرشی دیکەی ئەنجامداوە و لەوەش 28 چەکداری دیکە کوژراون.

بەیاننامەکە دەشڵێت هەموو بۆردومانەکان لە ناوچەی گەندەرشی کراون کە دەکەوێتە سەر دەریا و لە باشوری مەگادیشۆی پایتەختە.

هەروەها بەپـێی بەیاننامەکە هیچ کەسێکی سیڤیل لەو بۆردومانانە بەرنەکەوتووە.

لەشکری ئەمەریکا باس لەوەش دەکات تەواوی هێرشە ئاسمانیـیەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی سۆماڵ کراون، وە ئامانج لەو هێرشانە ڕێگەگرتن لە بزوتنەوەی شەباب لەوەی ناوچە دوردەستەکان وەک پەناگەیەک بۆخۆی بەکاربهێنێت.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمەریکا بە لایەنی کەم 46 هێرشی ئاسمانی لە دژی بزوتنەوەی شەباب ئەنجامداوە کە گروپـێکە چەندان هێرشی تێرۆرستی لە سۆماڵ کردووە و خەڵکی سیڤیل بوونەتە قوربانی.

XS
SM
MD
LG