Accessibility links

ئەمەریکا سەرچاوە سەربازییەکانی ڕەوانە دەکات و ئیسڕائیل ئامانجەکانی غەززە، سوریا و لوبنان بۆردومان دەکات


نیگەرانییەکان سەبارەت بە پەرەسەندنی جەنگەکەی نێوان حەماس و ئیسڕائیل بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر بوون لە کاتێکدا کە ئەمەریکا سەرچاوەی سەربازیی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکات و ئیسڕائیلیش لە بۆردومانکردنی غەزە بەردەوامە و لە لایەنگرانی حەماسی داوە لە سوریا و لوبنان.

وەزارەتی تەندروستی غەزە وتی لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر غەزە 266 فەڵەستینی کوژراون و 117 منداڵییان تێدا بووە.

لە سوریاش کە ئێران بوونی سەربازیی تێیدا هەیە و پشتیوانی لە حەماس دەکات، دەزگای هەواڵی سوریا ڕایگەیاند ڕۆژی یەکشەممە موشەکەکانی ئیسڕائیل فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەلەبییان کردووەتە ئامانج، هەردوو فڕۆکەخانەکەیان لە کارخستووە و دوو کارمەندیش کوژراون.

لەسەر سنووری باکووری ئیسڕائیلیش بە لوبنانەوە، کە حیزبوڵای لوبنانی تێدایە و هاوپەیمانی ئێرانن، سوپای ئیسڕائیل چەندین ئامانجی حیزبوڵایان کردووەتە ئامانج، لەوانەش ناوچەیەک کە پێشتر موشەکی لێوەی ئاڕاستەکراوە دژی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسڕائیلی.

سوپای ئیسڕائیل وتی هێزەکانی وڵاتەکە لە سێ گروپی شەڕکەرییان داوە کە ئامادەکارییان کردووە بۆ هەڵدانی موشەکی دژە زریپۆش لەسەر سنوورەکە و موشەکێکییان هەڵداوە و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسڕائیلیان خستووەتە خوارەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هۆشداریداوەتە سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەری لوبنان و وتوویەتی دانیشتوانی لوبنان زیانییان پێدەگات ئەگەر وڵاتەکەیان ڕابکێشرێتە نێو جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە.

لە کاتێکدا کە توندوتیژییەکان لە دەوروبەری سنوورەکە لە زیادبووندایە، ڕۆژی یەکشەممە ئیسڕائیل چۆڵکردنی 14 ناوچەی نزیک لوبنان و سوریای خستە پلانی گواستنەوەی هاووڵاتیانییەوە لە باکووری وڵاتەکەدا.

دوای ئەوەی لە 7 ی مانگی 10 دا گروپی چەکداریی حەماس هێرشێکی کوشندەی کردە سەر باشووری ڕۆژئاوای ئیسڕائیل و کوشتنی 1400 هاووڵاتی لە ئیسڕائیل و بە بارمتەگرتنی 212 کەسی دیکە، ئیسڕائیل بەردەوام بۆردومانی غەزەی کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە وەزارەتی تەندروستی غەزە وتی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکانی ئیسڕائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە هێرشەکەی حەماس بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 4,651 فەڵەستینی و سەدان منداڵیشییان تێدایە، زیاتر لە یەک ملیۆنی دانیشتوانە 2.3 ملیۆنەکەی غەزەش ئاوارەبوون.

لەلایەکی دیکەوە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن ڕایگەیاند واشنتن سەرچاوەی سەربازیی زیاتر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئەوەش بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە ئیسڕائیل و پتەوکردنی پێگە بەرگرییەکەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، ئەوەش " دوای زیادکردنی گرژییەکان لەلایەن ئێران و گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانەوە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ حیزبوڵای لوبنان و چەکدارانی ئیسلامی فەڵەستینییەکان.

ئۆستن وتی سیستمی ثاد و سیستمی بەرگری موشەکی پاتریۆتی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکرێن، هێزی زیاتریش لە ئامادەباشیدا دەبن.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا واشنتن ژمارەیەکی زۆر لە سەرچاوە سەربازییە دەریاییەکانی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، لەوانەش: دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگر و کەشتییە پشتیوانییەکانی دیکە و نزیکەی 2000 سەربازیش.

هەفتەی ڕابردوو هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دوو بنکەی سەربازییان لە عێراق کردە ئامانج کە هێزەکانی ئەمەریکایان تێدا بووە.

ئیسڕائیلیش ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی لەسەر سنووری غەزە کۆکردووەتەوە و ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بۆ ناو غەزە و لە ناوبردنی حەماس.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG