دوو ئەندامی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا داوایان لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ کرد " یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنان لەڕێی سزاکانەوە جێبەجێ بکات " کە بەپێی یاساکە سزا دەسەپێنرێت بەسەر تورکیادا بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ئێس- 400 ڕوسیەوە ، ئەمەش سەرەڕای هۆشیاریدانەکانی ئەمەریکا لەو بارەیەوە.
هەریەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا سیناتۆری دیموکرات ڤان هۆڵن و سیناتۆری کۆمارییەکان لیندزی گراهام نامەیەکیان ئاڕاستەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ کرد و تیایدا وتیان " تۆ پێشتر باست لەوە کردبوو ئەگەر تورکیا ئەو سیستمە بەرگرییە موشەکییە ڕوسیە بکڕێت ئەوا ڕووبەڕووی سزای ئەمەریکا دەبێتەوە، بەتایبەتی وتت بەپێی یاسای ( ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئەمەریکا لەڕێی سزاکانەوە ) دەبێت سزا بدرێت، وتیشت من دڵنیام لەوەی دەبێت پابەندی ئەو یاسایە بین."
لەم ڕۆژانەی دواییدا بەرپرسانی تورکیا ئاماژەیان بەوەدا ئێستا تورکیا دەیەوێت سیستمی ئێس 400 ی ڕوسی تاقی بکاتەوە، هەروەها دوێنی بەرپرسێکی دیکەی باڵای ڕوسیا ئاماژەی بەوەدا مۆسکۆ هیوادارە گرێبەستی دیکەی سیستمی بەرگری موشەکی ئێس 400 لەگەڵ تورکیادا واژۆ بکات.
هەروەها لە نامەکەدا کە واژۆی هەردوو سیناتۆرەکەی پێوەیە هاتووە دەڵێت " کاتی ئارام گرتن ماوەیەکی زۆرە تەواو بووە، ئێستا کاتی جێبەجێکردنی یاساکەیە." هەروەها هۆشیاریشیدا لەوەی شکست هێنان لەوەدا دەبێتە هۆی ئاڕاستەکردنی پەیامێکی خراپ بۆ وڵاتانی دیکە و پێیان دەڵێت دەتوانن یاساکانی ئەمەریکا بە کەم بزانن بەبێ ئەوەی هیچ دەرەنجامێکیان لێبکەوێتەوە."
هەروەها ئاماژەشیان بەوەدا بەپێی یاسای " ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئەمەریکا لەڕێی سزاکانەوە " دەبێت سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنرێت بەهۆی کڕینی ئەو سیستمە ڕوسییەوە.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە " سەرۆکی کۆمپانیای پیشەسازی چەکی ڕۆسۆبۆرنی سەر بە حکومەتی ڕوسیا دوێنی وتوویەتی ڕوسیا هیوادارە گرێبەستی دیکەی نوێی سیستمی ئێس 400 لەگەڵ تورکیادا واژۆ بکات لە نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوودا."
هەروەها بەرپرسە ڕوسیەکە دەڵێت " دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە هاریکارییە سەربازییەکان لەگەڵ تورکیادا سەبارەت بە سیستمی ئێس 400 سنووردار نیە و پلانی گەورەمان بۆ داهاتوو هەیە."
ڤان هۆڵن و لیندزی گراهام ئاماژەیان بەوەدا بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا و کۆنگرێس چەند جارێک هۆشیاریان داوەتە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەبارەت بە کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ڕوسی ئێس 400، هەروەها پێی وتراوە ئەگەر ئەو سیستمە بکڕیت ئەوا سزا دەسەپێنرێت بەسەر تورکیادا.