Accessibility links

سیناتۆرەکانی ئەمەریکا داوا لە بایدن دەکەن سزا بەسەر هیندستاندا نەسەپێنێت


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی، کۆشکی سپی، 24 ی مانگی نۆی ساڵی 2021
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی، کۆشکی سپی، 24 ی مانگی نۆی ساڵی 2021

دوو سیناتۆری ئەمەریکا داوایان لە سەرۆکی وڵاتەکە جۆو بایدن کردووە سزا بەسەر هیندستاندا نەسەپێنێت بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگری ئێس-400 ی ڕوسی لەلایەن ئەو وڵاتەوە، دەڵێن ئەم جۆرە سزادانە لەوانەیە هاریکارییەکانی نێوان ئەمەریکا و هیندستان بخاتە مەترسییەوە.

لە ساڵی 2018 دا هیندستان گرێبەستێکی لەگەڵ ڕوسیادا واژۆکرد بۆ کڕینی پێنج سیستمی بەرگری ئاسمانی، ئەوەش لەپێناو بەرگریکردن لە خۆی دژی پاکستان و چین.

بەڵام گرێبەستەکە بووە هۆی دروستکردنی گرژییەک لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هیندستاندا، لە ساڵی 2017 دا ئەمەریکا یاسایەکی پەسەند کرد کە تیایدا ئاماژە بەوە دەدات هەر وڵاتێک مامەڵە لەگەڵ کەرتی بەرگری و هەواڵگری ڕوسیادا بکات ئەوا ڕووبەڕووی سزای ئەمەریکا دەبێتەوە.

سیناتۆری کۆمارییەکان جۆن کۆرنی و سیناتۆری دیموکراتەکان مارک وارنەر لە نامەیەکدا بۆ بایدن داوایان لێکردووە خۆی بەدووربگرێت لە سزادانی هیندستان، هۆکارەکەشیان گەڕاندۆتەوە بۆ هۆکاری ئاسایشی نیشتیمانی و هاریکارییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.

سیناتۆرەکان لە نامەکەیاندا دەڵێن " باوەڕمان وایە ئاسایشی نیشتیمانی ناچارمان دەکات سزا نەسەپێنین."

وتیان نیگەران بوون لەسەر ئەوەی گواستنەوەی سیستمە بەرگرییە ئاسمانیەکەی ڕوسیا بۆ هیندستان لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئەمەریکا بەپێی یاسای " بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی ئەمەریکا لەڕێی سزاکانەوە " سزا بسەپێنێت بەسەر هیندستاندا. یاساکە ڕوسیا تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و هێرشی ئەلیکترۆنی و ئەنجامدانی کردەوەی دوژمنکاری دژی ئۆکرانیا.

هیندستان پێشەکی بڕێک پارەی داوە بۆ سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس-400 ی ڕوسی و واپێشبینی دەکرێت یەکەمین باری پاتری موشەکەکان دواتر لەم ساڵدا بگاتە هیندستان.

جێی ئاماژەیە ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر تورکیادا لەسەر کڕینی ئەو جۆرە سیستمە لەلایەن ئەنقەرەوە.

سیناتۆرەکان وتیان " باوەڕمان وایە جێبەجێکردنی یاساکە بەسەر هیندستاندا کاریگەرییەکی نەرێنی دەبێت لەسەر هاوبەشیە ستراتیژییەکانماندا لەگەڵ هیندستان، لە هەمان کاتیشدا یاساکە ئامانجەکەی خۆی ناپێکێت کە بەربەست دانانە لەبەردەم فرۆشیەکانی چەکی ڕوسیادا."

هیندستان لەم ساڵانەی دواییدا کڕینی چەکی ڕوسی کەمکردۆتەوە کە بۆ ماوەی چەند ساڵێک سەرچاوەی سەرەکی وڵاتەکە بوو بۆ کڕینی چەک. لە ساڵی 2016 ەوە بۆ ساڵی 2020، کڕینی چەکی ڕوسی لەلایەن هیندستانەوە بۆ لە سەدا 53 کەمیکردووە.

سیناتۆرەکان وتیان ئێستا هیندستان چەک لە ئەمەریکا دەکڕێت، لە ساڵی 2020 دا بڕی 3.4 ملیار دۆلار چەکی لە ئەمەریکا کڕیوە، ئەمانە نیشانەی ئەرێنین.

وتیشیان " سەپاندنی سزا بەسەر هیندستاندا لەم کاتەدا هاریکارییە قوڵەکانی نێوان ئەمەریکا و هیندستان لە سەرجەم بوارەکاندا دەخاتە مەترسییەوە، لە ڤاکسینەکانەوە بۆ هاریکارییە بەرگرییەکان، لە ستراتیژی وزەوە بۆ هاوبەشیکردنی تەکنەلۆجیاکان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG