ڕۆژی سێشەممە سیناتۆرەکانی ئەمەریکا بە دیموکرات و کۆمارییەکانیشەوە پێشنیاری ئەوەیان کرد بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن سزا لاوەکییەکان بەکاربهێنێت تاوەکو بانکە نێودەوڵەتییەکان پلانەکەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت بۆ کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیا پتەوتر بکەن.
سیناتۆری دیموکراتەکان کریس ڤان هۆڵن و سیناتۆری کۆمارییەکان پات تۆمیی چوارچێوەی کارێکییان ڕاگەیاند بۆ پڕۆژە یاسایەک کە تیایدا سزای لاوەکی دەسەپێندرێت بەسەر نەوتی ڕووسیا، سزاکان ئەو دامەزراوە داراییانە دەکەنە ئامانج کە دەستیان هەیە لە بازرگانی دارایی و بیمەی دڵنیایی و دڵنیاییدانەوە و دەڵاڵیکردن بۆ نەوت و بەرهەمە پیترۆڵیۆمەکانی ڕووسیا کە بە نرخێک دەفرۆشرێن لەو نرخە زیاترە کە لەلایەن وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتەوە داندراوە.
هەردوو سیناتۆرەکە ئەندامی لیژنەی بانکی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکان و سەرپەرشتی سیاسەتی سزاکان دەکەن.
گوتیان توانای بە ئامانجکردنی بانکەکان قورستری دەکات لەسەر ڕووسیا خۆی بدزێتەوە لە کەمکردنەوەی نرخەکانی نەوتی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە بەشدارییان لە پلانەکەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتدا نەکردووە.
کریس ڤان هۆڵن دوابەدوای کۆبوونەوەی لیژنەی بانکی ئەنجومەنەکە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت " ئەگەر دەتەوێت لە سەرانسەری جیهاندا نرخی نەوتی ڕووسیا کەم بکەیتەوە، دەبێت دڵنیا ببیتەوە لەوەی بە شێوەیەکی یەکسان جێبەجێ بکرێت. بۆ ئەوەی ئەوەش بکەیت، باوەڕمان وایە دەبێت پشتیوانی لە سزا لاوەکییەکان بکەیت."
تۆمیی گوتی " پێم وایە سەرۆک پێویستە لەلایەن کۆنگرێسەوە دەسەڵاتێکی نوێی پێبدرێت بۆ پشتیوانیکردن لە کەمکردنەوەی نرخی نەوتی هەر وڵاتێک کە نەوتی ڕووسیا بە زیاتر لەو نرخە دەکڕێت کە داندراوە، یاخود بە شێوەیەکی بەرچاو کڕینەکانی زیاد دەکات."
بەڕێوەبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن دوودڵە لە سەپاندنی سزا لاوەکییەکاندا، نیگەرانە لەوەی دەکرێت سەپاندنی ئەو سزایانە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا ئاڵۆز بکات کە نەوتی ڕووسیا دەکڕن، لەوانەش چین و هیندستان.
یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ دارایی تیرۆر و تاوانەکانی دارایی ئیلیزابێس ڕۆزنبێرگ لە کۆبوونەوەکەدا وتی کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیا ئامڕازێکی بەهێزە بۆ لێدانی ڕووسیا و جێگیرکردنی نرخەکانی وزە.
لەم مانگەدا وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت پلانی کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیایان ڕاگەیاند. هەندێک لە وڵاتان هاوردەکردنی نەوتی خاو و بەنزینی ڕووسیایان قەدەغە کردووە.
ڕۆزنبێرگ گوتی " باوەڕمان وایە کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیا کاریگەرییەکی بەهێزی دەبێت لە ئەنجامدانی چەند شتێکدا، بۆ نموونە کەمکردنەوەی داهاتی ڕووسیا بۆ پشتیوانیکردن لە جەنگەکەی. دووەم، هێشتنەوەی نەوتی ڕووسیا لە بازاڕەکاندا بە نرخێکی کەم، ئەمەش ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕەکاندا کەم دەکاتەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز