Accessibility links

هاوپەیمانێتی دژی داعش: هێشتا هەزاران داعش لە سوریا ماونەتەوە

  • VOA News

گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوەڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژی داعش دەڵێت مەزەندە دەکرێت هێشتا نزیکەی 3 هەزار چەکداری داعش لە ناو خاکی سوریادا مابنەوە.

کۆلۆنێل ڕایەن دیلۆن ئەمڕۆ سێشەممە لە بارەگای هاوپەیمانێتیـیەکە لە کوەیت لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بۆ پەیامنێران لێدوانی دا کە لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بوون. گوتی هێزەکانی سوریای دیموکرات هێشتا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا شەڕی دژی داعش بەردەوامن و لە ناوچەی خاپور و دۆڵی ڕووباری فورات پـێشڕەوی دەکەن.

کۆلۆنێلی ئەمەریکایی ئەو قسانەی کاربەدەستانی ڕووسیای ڕەتکردەوە کە دەڵێن داعش لە سوریا نەماوە و گوتی نزیکەی 3 هەزار داعش لە سوریا ماونەتەوە.

پاشان باسی لە ئەرکەکانی داهاتووی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق کرد و گوتی کاری ئایندەیان بەدیهێنانی سەقامگیریـیەکی درێژدەم دەبێت و هەروەها پاراستنی ئەو دەستکەوت و سەرکەوتنانەیە کە بەسەر داعش تۆمارکراون.

لە بەشێکی لێدوانەکانی باسی ڕەوشی نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە سوریاکرد و گوتی لە ڕێگەی کەناڵەکانی پەیوەندیکردنی نێوانیان بۆ کەمکردنەوەی گرژیـیەکان توانراوە فڕینە ئیستفزایـیەکانی فڕۆکە ڕووسیـیەکان ڕابگرن کە دوو هەفتە لەمەوبەر لە بەرامبەر فڕۆکەکانی ئەمەریکا دەیانکرد.

XS
SM
MD
LG