Accessibility links

ئەمەریکا: بەرپرسانی ڕووسیا سەردانی ئێرانیان کردووە بۆ سەیرکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان دەڵێت ئەمەریکا باوەڕی وایە لەمدواییانەدا بەرپرسانی ڕووسیا سەردانی بنکەیەکی سەربازی ئاسمانیان کردبێت لە ئێران تاوەکو سەیری ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بکەن کە توانای هێرشکردنیان هەیە.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم هەفتەیەدا ئەمەریکا گوتی زانیاری هەیە لەسەر ئەوەی ئێران ئامادەکاری دەکات چەند سەد فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بدات بە ڕووسیا، هەندێک لە فڕۆکەکانیش دەتوانن چەک هەڵبگرن. گوتیشی تاران ئامادەکاری دەکات مەشق بە هێزەکانی ڕووسیا بکات لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە. وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

سۆلیڤان لە بەیاننامەیەکدا گوتی " پێمان وایە لەمدواییانەدا شاندێکی فەڕمی ڕووسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری ئێرانییان بینیوە، بەپێی ئەوەی دەیزانین، ئەمە یەکەمین جارە شاندێکی ڕووسی سەردانی بنکەیەکی ئاسمانی ئێران بکات بۆ ئەو مەبەستە."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دەکات وێنەی مانگە دەستکردەکان کە لە 8 ی مانگی شەشدا گیراون، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێران دەردەخەن کە " شاندەکەی حکومەتی ڕووسیا لەو ڕۆژەدا بینیویانە." فڕۆکەی هاوشێوەی دیکە پیشانی شاندەکەی ڕووسیا دراونەتەوە لە سەردانی دووەمی شاندەکەدا لە 5 ی مانگی حەوتدا.

ڕۆژی هەینی وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەی، ئەو هەواڵانەی ئەمەریکای ڕەت کردووە سەبارەت بەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی ڕەوانەی ڕووسیا کرابێت و لەوێش دژی ئۆکرانیا بەکارهاتبێت.

ئێران کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەدات بە هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕۆژی هەینی یەکەمین یەکەی هێزی دەریایی هەڵگری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە دەریای هیندیدا ڕاگەیاند، لەکاتێکدا کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG