Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت هەڵبژاردنەکانی بەنگلادیش ئازاد و دادپەروەرانە نەبوون، پاش ئەوەی بۆ جاری چوارهەم شێخ حەسینا هەڵبژێردرایەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت هەڵبژاردنەکانی بەنگلادیش ئازاد و دادپەروەرانە نەبوون، وتیشی واشنتن نیگەرانە سەبارەت بە هەواڵی ناڕێکی دەنگدانەکان و سەرکۆنەی ئەو توندوتیژییە دەکات کە ڕوویداوە.

سەرۆک وەزیری بەنگلادیش شێخ حەسینا واجد بۆۆ چوارهەمین جار وەکو سەرۆک وەزیر هەڵبژێردرایەوە، پارتەکەی نزیکەی لە سەدا 75 ی دەنگەکانی هەڵبژاردنە گشتییەکانی بە دەستهێنا.

بەڵام پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی بەنگلادیش، پارتی نیشتمانپەروەرانی بەنگلادیش، بایکۆتی دەنگدانەکەی کرد.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " ئەمەریکا نیگەرانە سەبارەت بە دەستگیرکردنی هەزاران ئەندامی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی و ناڕێکییەکان لە ڕۆژی دەنگداندا."

وتیشی " ئەمەریکا هەمان بۆچوونی چاودێرانی دیکەی هەیە لەسەر ئەوەی کە ئەم هەڵبژاردنانە ئازاد یاخود دادپەروەرانە نەبوون و بە داخەوەین سەرجەم پارتەکان بەشدارییان تێدا نەکرد."

بەپێی ئەنجامە نافەڕمییەکان کە لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی ئاوامی لیگ لە کۆی 298 کورسی 222 کورسی بە دەستهێناوە. هەڵبژاردنەکە دوانزەیەمین هەڵبژاردنی بەنگلادیش بوو لە دوای ئەوەی لە ساڵی 1971 دا سەربەخۆیی خۆی و جیابوونەوەی لە پاکستان ڕاگەیاند.

شێخ حەسینای تەمەن 76 ساڵ و کچی شێخ موجیبور ڕەحمانی دامەزرێنەری بەنگلادیش، سەرەتا لە ساڵی 1996 دا بووە سەرۆک وەزیری ئەو وڵاتە کە 170 ملیۆن دانیشتووی هەیە.

حەسینا بایکۆتەکەی ئۆپۆزسیۆنی بە کەمزانی و وتی ئامانجی ئەوەیە ئابووری وڵاتەکە پتەو بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG