Accessibility links

ڕۆیتەرز: ئەمەریکا دەیەوێت سعودیـیە بەڵێنی پاراستنی خەڵکی سیڤیلی یەمەنی پـێبدات بەر لە فرۆشتنی چەکی زیاتر


کاربەدەسـتانی ئەمەریکایی بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە ئەمەریکا دەیەوێت عەرەبستانی سعودیـیە بەڵێنی پـێ‌بدات هێرشە ئاسمانی و موشەکیـیەکانی بە شێوەیەک لە یەمەن ئەنجام بدات کە زیانی گیانی بەر خەڵکی سیڤیل نەکەوێت، ئەمەش لە کاتێکدا بەڕێوەبەراتی ئەمەریکا تاووتوێی دەسـتپـێکردنەوەی فرۆشتنی موشەک و بۆمب بە سعودیـیە دەکات.

ڕۆیتەرز دەڵێت کاربەدەستێکی ئەمەریکایی گوتویەتی دەیانەوێت سعودیـیە وابەستەیی خۆی نیشان بدات بەوەی ئەو چەکانە بە شێوەیەکی گونجاو بەکاردەهێنێت.

کاربەدەسـتانی ئەمەریکایی و کەسانی نزیک لە مەسەلەکە گوتویانە چاوەڕوان‌دەکرا لە مانگی ڕابردوو گرێبەستێکی چەک لەگەڵ سعودیـیە ڕابگەیەندرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی یاسادانەرانی ئەمەریکایی کە زۆربەیان لە دیموکرات و گروپەکانی مافی مرۆڤن، کارەکە ئاڵۆزبوو.

کرێس مێرفی سیناتۆری دیموکرات دەڵێت سعودیـیە هاوبەشێکی گرنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بەردەوامن لە پشـتگوێ‌خستنی ڕاسپاردەکانی ئەمەریکا بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیل.

لە نێو ئەو ڕێوشوێنانەی خراونەتە بەرباس بۆ کەمکردنەوەی زیان لە نێو خەڵکی سیڤیل، فرۆشتنی ئامێری ئاڕاستەکردنی وردی موشەک و بۆمبە بەرەو ئامانجەکانیان. ئامێرەکان کە لە لایەن کۆمپانیای ڕایثۆن بە بەهای 390 ملیۆن دۆلار دروستدەکرێن دەتوانن بۆمبەکان زۆر بە وردی بەرەو ئامانجەکانیان بەرن.

ڕۆیتەرز دەڵێت کۆشکی سپی و باڵیۆزخانەی عەرەبستانی سعودیـیە لە واشنتن هیچ کامیان ئامادە نەبوون لێدوان لەم بارەیەوە بدەن.

بەپـێی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوەتای لە مانگی سێی ساڵی 2015 وە ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕێبەرایەتی سعودیـیە دەسـتیپـێکردووە بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتەکەی عەبد ڕەببە مەنسور هادی سەرۆکی یەمەن، نزیکەی 4800 کەسی سیڤیل لە یەمەن کوژراون و زۆربەیان بەهۆی هێرشەکانی هاوپەیمانانەوە.

بەڵام سعودیـیە ئەو ڕاپـۆرتانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت هاوپەیمانێتیەکەی پابەندە بە پاراستنی خەڵکی سیڤیل.

XS
SM
MD
LG