Accessibility links

ڕۆیتەرز: ئەمەریکا لەسەر یەمەن فرۆشتنی ژمارەیەک چەک بە عەرەبسـتانی سعودیـیە ڕادەگرێت


چەند کاربەدەسـتێـکی ئەمەریکا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە وڵاتەکەیان بڕیاری داوە پـشتیوانی لەشکری خۆی بۆ عەرەبسـتانی سعودیـیە سنوورداربکات، ئەمەش پاش ئەو زیانانەی بەر خەڵکی سیڤیل لە یەمەن کەوتوون بەهۆی ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکەی سعودیـیە لەو وڵاتە.

هەروەها ئەمەریکا بەنیازە گۆڕانکاری بکات لە بەرنامەی مەشق‌ و ڕاهێنانی بە فڕۆکەوانانی هێزی ئاسمانی سعودیـیە لە ئایندەدا، بە شێوەیەک کە بتوانن باشتر ئامانجەکان بپـێکن.

ئەم بڕیارەی واشنتن، نیشانی دەدات بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما ناڕازیـیە لە بەرامبەر زیانەکانی بەر خەڵکی سـڤیل لە یەمەن کەوتوون. بەپـێی ڕاپـۆرتەکان لەوەتای 20 مانگە ئۆپەراسیۆنی دژی حوسـیـیەکان لە یەمەن دەسـتیپـێکردووە، هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیـیە هەزاران هێرشی ئاسمانیـیان بۆ سەر ئەو وڵاتە ئەنجامداوە و لە ئاکامدا زیاتر لە 10 هەزار کەس کوژراون.

کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن بەهۆی ئەو هێرشە ئاسمانیـیانەوە چەندان قوتابخانە و بازاڕ و نەخۆشخانە و کارگە بەرکەوتوون، ئەمەش وەکو تاوانی جەنگ دادەنرێت. عەرەبسـتانی سعودیـیە لای خۆیەوە زۆر جار ڕەتیکردووەتەوە ئەو هێرشانەی خەڵکی سـیڤیلیان کوشتووە لە لایەن هاوپەیمانێتیـیەکەیەوە ئەنجامداربن، هەروەها جاریش هەبووە گوتویەتی چەکدارانی حوسی لە شوێنەکەدا هەبوون.

بەپـێی ڕۆیتەرز دوو کاربەدەسـتی ئەمەریکا کە نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرابکرێت گوتویانە واشنتن بڕیاری داوە فرۆشتنی چەند جۆرە بۆمبێـکی فڕۆکە بە عەرەبستانی سعودیـیە ڕابگرێت کە بەهاکانیان بە سەدان ملیۆن دۆلار مەزەندەدەکرێت.

XS
SM
MD
LG